بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا و چارەسەرییەکان ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا و چارەسەرییەکان ئەنجامدرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.1.12، لە پێناو جێبەجێکردنی فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا و چارەسەرییەکان و پاراستنی ژینگە لە سنووری پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە قایمقامیەت، ناحیە، ئاسایش و پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى تەندروستى، شارەوانییەکان، کشتوکاڵ و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى تەئکیدکردنەوە لە بڕیارەکانى ئەمڕۆى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى پرسی ژینگە پارێزی، سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد ئەوەی پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بیکەین و ژینگەی هەولێر پاک بکرێتەوە.
هەروەها دەستخۆشى لە قائیمقامیەت و هێزە ئەمنیەکان و ناحییە و شارەوانییەکان و فەرمانگەى پاراستنى ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر کرد بۆ ئەو ڕیکار و ڕێوشوێنانەى کە لە ماوەى ڕابردوو دەرهەق بە سەرپێچى کاران گیراوەتەبەر، بۆ ئەومەبەستەش دووپاتى لە سەر توندکردنى بە دواداچوون و گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکان کردەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەى پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان نەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوەکردەوە لە بەیانییەوە هەموو ڕێکارەک بگیرێتەبەر بەرامبەر هەموو ئەوانەى کە ژینگە پیس دەکەن، هەر لە داخستن تاکو دەستگیر کردن، هەر شوێنێک ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و بۆ ئەوپرسەش چاوپۆشی لە کەس نەکرێت.
پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، لە بارەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و پاراستنی ژینگەی شارى هەولێر، ئاشکراى کرد دوو ساڵ بەر لە ئێستا باس لە بوونی نزیکەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پاڵاوگە نایاساییانە سزادراون و هەندێکیان کاریان وەستاوە.
ڕاشیگەیاند: " لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبوون، کە پێیان دەگوترێت پاڵاوگەکانی بەشی دووەم، لە بەردەوامی هەوڵەکانمان، زۆرینەیان ئەو پاڵاوگەیانە داخراون بەتایبەت ئەوانەی بوونەتە هۆکاری پیسکردنی ژینگەی شارەکەمان، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 50 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون کە تەواو کاریگەرییان لەسەر پیسکردنی ژینگەی هەولێر هەبوو، هیچ یەک لەو پاڵاوگانە ئێستا نەماون، ئەو پاڵاوگەیانەى ئێستاش ماون بەپێی مەرجی ژینگەیی کار دەکەن ".
گوتیشى، هەموو ڕێکارێک بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە داخستن و دەستگیر کردن، خەڵکێکی زۆریش لەسەر پیسکردنی ژینگە دەستگیر کراون، هەر شوێنێکیش ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەگەڵ ناکرێت.
پارێزگارى هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: " ڕۆژانە لێپرسینەوەش لەگەڵ موەلیدەکان ئەهلیەکان دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ دەکرێت، هەموو موەلیدەکانیش دەبێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن لە دەنگ و پیسکردنی ژینگە بەر لەوەی دووچاری لێپرسینەوە بن، پۆلیسى هاتووچۆى هەولێریش دەستى کردووە بە هەڵمەتێکى فراوان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانهی كه دووكهڵ دهكهن و زیان به ژینگه دهگهیهنن، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت ".
سەبارەت بە وێستگەى هەڵمى خەباتیش، ڕایگەیاند، داوامان لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لەو وێستگەیەدا مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکرێت، لەو نزیکانە ئەویش چارەسەر دەکرێت.