لەهەولێر ... دووەم كۆڕبەندی وزەی پاک بەڕێوەچوو
لەهەولێر ...
دووەم كۆڕبەندی وزەی پاک بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.1.21، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ژمارەیەکى تر لەبەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆک و مامۆستایانى زانکۆ و خاوەن كۆمپانیا و بزنسمان و پسپۆڕانی بواری بەكارهێنانی وزەی پاک، لەهەولێرى پایتەخت، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی بانكی ناوەندیی عێراقە كە پاڵپشتی دارایی سەرجەم ئەو پڕۆژە و بەرهەمانە دەكات كە لەبواری كشتوكاڵیدا پشت بە وزەی پاک دەبەستن، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی مەعەن بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە و دامەزراوەیەكی دیكەی عێراقی پەیوەست بە پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی، دووەم كۆڕبەندی وزەی پاک، لە پێناو بەهێزكردنی كاری هاوبەش لە سەرجەم سێكتەرەكاندا بۆ بەكارهێنانی وزەی خاوێنی بەردەوام لە شوێنی سەرجەم جۆرەكانی دیكەی وزە كە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن، بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، وێڕاى دەستحۆشى لە ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر بۆ ئەنجامدانى ئەم کۆربەندە، باسى لە پرسى وزەى پاک و گرنگى لەو سەردەمەدا بۆ پاراستنى ژینگە و پاککڕاگرتنى کرد و هەروەها تیشکى خستەسەر کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا و ئاماژەى بە بەرنامە و پلان و هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ بەرگرتن لەو مەترسیانەى کە بەهۆى پیس بوونى ژینگە و گۆڕانى کەش هەوا نراون، هیواشى خواست ڕاسپاردە و گفتوگۆ و پانێلەکانى دووەم كۆڕبەندی وزەی پاک، ببێتە بەشیکى دیکە لە بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ و هەنگاوەکانى پاراستنى ژینگە و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى.
جێگەى باسە، پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی كوردستانە، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژینگە و سروشتی كوردستان، بەكارهێنانی وزەی پاک وەك شوێنگرەوەی وزەی بەدەستهاتوو لە سووتەمەنییەكان لەچوارچێوەی ئەو پلانە درێژخایەنە دەبێت.