پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کشتوکاڵى عێراق کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کشتوکاڵى عێراق کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.1.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە سادق جەعفەر ئەلمحمەداوى، نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کشتوکاڵى عێراقى کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر پێشخستن و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان سەندیکا و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق، پاشان گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى پەرپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵ و پاراستنى ئاسایشى خۆراک و بە بازاڕکردنی بەرهەمى ناوخۆیی و ئاڵوگۆڕ و هاوردە و هەناردەکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کرا.
پاشان نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کشتوکاڵى عێراقى تیشکى خستە سەر کار و چالاکییەکانیان و داواى هاریکارى و هەماهەنگى لە پارێزگاى هەولێرى کرد بۆ کردنەوەى پیشانگایەکى تایبەت بە گوڵ و باڵندە و سازکردنى کۆنگرەى سەندیکاى ئەندازیارانى عەرەب لە هەولێرى پایتەخت.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕاى نیشاندانى هەموو هەماهەنگى و ئاسانکارییەک بۆ داواکارییەکانیان، دووپاتى کردەوە ئەوەى لە توانادابێت بۆ سەرخستنى کارو پڕۆژە و بەرنامەکانتات درێغى لێناکرێت.
له كۆتایدا نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کشتوکاڵى عێراقى، سوپاسی پارێزگاری هەولێری كرد بۆ پێشوازیی و پاڵپشتى و هاریکاریان و ئامادەیی خۆشى نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ ئەندازیار و ڕێکخراو و دەزگا و لایەنەکانى دیکەى کەرتى کشتوکاڵى لە هەولێرى پایتەخت.