پارێزگاری هەولێر: بەهۆی پرۆژەی رووناكییەوە هەزار و 400 مۆلیدەی ئەهلی كوژێندراونەتەوە "200 مۆلیدەی دیكەش دەكوژێندرێنەوە"
پارێزگاری هەولێر: بەهۆی پرۆژەی رووناكییەوە هەزار و 400 مۆلیدەی ئەهلی كوژێندراونەتەوە
"200 مۆلیدەی دیكەش دەكوژێندرێنەوە"
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات، تاوەكوو ئێستا بەهۆی پرۆژەی رووناكی هەزار و 400 مۆلیدەی ئەهلی كوژێندراونەتەوە و 200 مۆلیدەی دیكەش لەم یەك دوو مانگەیە دەكوژێندرێنەوە. دەشڵێت: "بەقەد ئەو ژمارەیەش مۆلیدەی تایبەتیی خەڵك و رێستۆرانت و هۆتێل و شوێنەكانی كەرتی تایبەت و فەرمانگەكان كوژێندراوەتەوە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەهۆی پڕۆژەی رووناكی لە سنووری ناو شاری هەولێر و لە هەر شەش شارەوانیدا، هەزار و 250 مۆلیدەی ئەهلی كوژێندراونەتەوە، هەروەها لە قەزا و ناحییەکانیشدا 150 مۆلیدە کوژێندراوەنەتەوە، كە تاوەكوو ئێستا بەگشتی دەكاتە هەزار و 400 مۆلیدە."
پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: "ئەو مۆلیدانەی كوژێندراونەتەوە، تەنیا مۆلیدەی گەڕەكەكانە، بەقەد ئەو ژمارەیەش مۆلیدەی تایبەتی خەڵك و رێستۆرانت و هۆتێل و شوێنەكانی كەرتی تایبەت و فەرمانگەكان كوژێندراوەتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا: "پلان هەیە لەم یەک دوو مانگەشدا لە چەند گەڕەکێکی دیكەی هەولێر 200 مۆلیدەی دیكەش بكوژێندرێنەوە"
ئومێد خۆشناو، باسی لەوەش كرد: "لەناو بازاڕی گەورە تاوەکوو بازنەی شەقامی 150 مەتری بەتەواوی چوونەتە نێو پڕۆژەی ڕووناکی، هەروەها قەزای بنەسڵاوە، ناحیەی دارەتوو، کەسنەزان، شاوێس و پیرزینیش بەتەواوی چونەتە نێو پرۆژەی رووناکی."
روونیشی كردەوە: "بەهۆی پڕۆژەی رووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری، ژینگەی هەولێر پاكبووەتەوە و ژاوەژاویش كەمبووەتەوە و خەڵكیش ئاسوودەن لەگەڵ ئەو كارەبا 24 كاتژمێرییەی هەیانە."
پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، تا كۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە 7 هەزار مۆلیدە بكوژێندرێنەوە و ژینگەی هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان، تاوەكوو كۆتایی ساڵی 2026، لە 14ی ئایاری ئەمساڵیش، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.
تا كۆتایی ساڵی 2025، سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە كارەبای 24 كاتژمێرییان پێ دەگات.