هەولێر ... ( 1 هەزار و 392 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

هەولێر ... ( 1 هەزار و 392 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

هەولێر ...
( 1 هەزار و 392 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.7.22، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا، دەستکرا بە دابەشكردنی ( 1 هەزار و 392 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانى سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەشەکران، هاوکات ڕۆژى پێنجشەممەش ( 3 هەزار ) پارچە زەوى دیکە بەسەر فەرمانبەرانى سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى قوشتەپە دابەشدەکرێت.

لە رێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان وحامید کاکەیی، قایمقامی پیرمام ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، دەستخۆشیان لە بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران.

ئاماژەشی بەوەشدا، دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەخۆشحاڵییەوە لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا توانرا ئەو ڕێکارانەی کە پێویست بوون بۆ دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون تەواو بکرێت.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، هەر فەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگەیەک و كارمەندێكی ناوخۆ كە ‏هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.