پارێزگارى هەولێر: " فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى، یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان "

پارێزگارى هەولێر:

پارێزگارى هەولێر:
" فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى، یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان "

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.5.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسى دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکانى شارى هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیایى و ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین و یاساکانى ئەو بوارە لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسى کرایەوە.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوەکردەوە، کە فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش وایکردووە چەندین کەناڵى گەورە و دەزگاى میدیا زۆر لە کوردستان دورستببێت و بوارى ڕۆژنامەگەرى بە گشتیى لە هەرێمى کوردستاندا پێ بنێتە قۆناغێكی پێشکەوتوو.

گوتیشى، کارى ڕۆژنامەنووسى تەنها پیشەنییە، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکى کۆمەڵایەتییە و پێویستە ڕۆژنامەنووس بە پابەندبوون بە یاساکان و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەگەرى بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەى ڕووداو بکات و پەیامەکانی بە ڕاستگۆیی بگەێنێت.

لەلایەن خۆیانەوە، ڕۆژنامەنووسان، کە نوێنەرایەتی زۆربەی کەناڵەکانیان دەکرد، بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکانی ڕۆژنامەوانی و زیاتر خزمەتکردن، ڕا و سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو.

لە کۆتاییشدا، داوایانکرد بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى بەردەم ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان پارێزگای هەولێر هاوکاریان بێت، لەبەرمبەردا پارێزگارى هەولێر، وێڕای تەئکید کردنەوە لە هاریکاریکردنیان، جەختى لە چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە و هەموو پاڵپشتیەکی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە.