بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا " ورمێ"، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا " ورمێ"، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.7.27، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و بە ئامادەبوونی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگارى هەولێر و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و کەمال حسێن پوور، پەرلەمانتاری پیرانشار و بەرپرسانی دیکەی باڵای هەردوولا، لە دیوانى پارێزگاى هەولێر، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ سەردانیکردنی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی "ئیمام حسێن" لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕایی بەخێرهێنانی بەڕێزیان و شاندی یاوەری، کورتەیەکی لە بارەی سەردانەکانی ماوەی پێشوویی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران باسکرد، لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا "ورمێ" بەگرنگییەوە باسی لە سەردانی بەڕێز پارێزگاری هەولێر کرد بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەرەنجامی زۆر باشی هەبوو.
پاشان، پرسی پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی "ئیمام حوسێن" لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە خرایە بەرباس، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە ڕیگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەرانەوە دەست پێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش، هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ ئامادەکارییەکان کرد، پارێزگارى هەولێر، دڵنیایی کردنەوە بە فەرمانى سهرۆك بارزانی، هەریەک لە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاسپێردراون، بە ئهزموون وەرگرتن لە ساڵانى ڕابردوو، وەک پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیی و خزمهتكردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران تاکو دوا خاڵی پارێزگاى هەولێر کە بازگەی شێراوەیە، بۆ ئەمساڵ باشتر لە ساڵانى ڕابردوو، بەدەستخۆشییەوە لە لیژنەی ئامادەکار و سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە باشترین شێواز لە پێشوازیان دادەبین و هەموو ئامادەکارییەک کراوە تاکو هەرچی ئاسانکاریی هەیە پێشکەشیان بکەین.
گووتیشی، بۆ ئەم ساڵیش وەک مژدەیەک بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو تێچووی زیارەتکاران لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاکو هەولێر و لە کاتی گەڕانەوەشیان لە هەولێرەوە تاکو خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران، بەخۆڕا دەبێت و ئێمە لە ئەستۆی دەگرین.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، لە دیدار و کۆبوونەوەشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران، دڵنییامان بە بەڕێزیان داوە، کە ئەمساڵ باشتر لە ساڵانی ڕابردوو لە خزمەتی زیارەتکاران دەبین، ئەوەش بەئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و شاندى باڵاى یاوەرى، سوپاس و ستایشى خۆیان و وڵاتەکەیان بۆ سەرۆک بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاری هەولێر دووپاتکردەوە لە بەرامبەر میوانداریی و بەخشندەییان لە پێشوازیکردنی ساڵانەى زیارەتکارانی ئێران و بەشدارییان لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە ڕێگەى هەولێرى پایتەختى هەرێمی کوردستانەوە کە بۆتە نموونەیەکی باڵا بۆ وڵاتانی دیکە و لە ئەستۆگرتنی تێچووی هاتووچۆیان و گەڕانەوەیان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لە پێناو بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى ڕێککەوتنامەى نێوان هەردوو پارێزگا و جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆکرا و ڕاو سەرنجى ئامادەبووان خرایەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە گەیشتە چەند بڕیار و ڕاسپاردایەکی پێویست و هەردوولاش پابەندبوونی خۆیان بە هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنامەی نێوانیان دووپاتکردەوە.
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، پوختەیەکیان لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیی خستەڕوو.