لە هەولێر .... بە گوژمەی نزیكەی ( 5 ملیار دینار )، دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ( 26 ) یاریگا و دروستكردنی یاریگای نوێ كرا

لە هەولێر ....  بە گوژمەی نزیكەی ( 5 ملیار دینار )، دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ( 26 ) یاریگا و دروستكردنی یاریگای نوێ كرا

لە هەولێر ....
بە گوژمەی نزیكەی ( 5 ملیار دینار )، دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ( 26 ) یاریگا و دروستكردنی یاریگای نوێ كرا

پارێزگاری هەولێر : " ئامانجمان پەرەسەندنی توانا و ئامادەکردنی یاریزانانی تیپە مللیەکان بۆ بەرهەم هێنانی ئەنجامی باشتر و دروستكردنی یاریزانی لێهاتوو لە شارەكەمان"

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.11.10، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری لاوان و پێشخستنی وەرزش، لەژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی مەسعود كاڕەش، جێگری پارێزگار و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی و زوبێر بابان، بەریوەبەری لاوان و ڕۆژگار مەحمود، بەڕێوەبەری وەرزش و ژمارەیەكی تر لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، لەڕێورەسمێكدا لە یاریگای گەڕەكی باداوەی شاری هەولێر، بە گوژمەی ( 4 ملیار و 419 ملیۆن و 695 هەزار و 934 دینار ) لەلایەن كۆمپانیای GMT دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ( 26 یاریگای)ی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دروستكردنی یاریگایەكی نوێی ( 11 ) یاریزانی لە سەنتەری قەزایی هەریر كرا.

لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێك وێڕای ئەوەی بەناوی پارێزگا و خەڵكی شاری هەولێر و وەرزشكار و وەرزشوانان، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مسرور بارزانی كرد، بۆ پشتیوانی و ڕەزامەندیان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

ئاشكراشی كرد، پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆیان هەوڵ دەدەن بۆ گەشەپێدانی وەرزش و نۆژەنكردنەوەی یاریگاکان و دروستکردنی ژێرخانێكی گونجاو بۆ لاوان و وەرزشکاران و گوتیشی، نۆژەنکردنەوەی ئەو 26 یاریگایەش كە بە بەرنامەرێژی کراو و بەكوالێتیەكی بەرز و بەشێوەیەكی سەردەمیانە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت، ئامانج لێی پەرەسەندنی توانا و ئامادەکردنی یاریزانانی تیپە مللیەکان بۆ بەرهەم هێنانی ئەنجامی باشتر و دروستكردنی یاریزانی لێهاتوو لە شارەكەمان. و دەمانەوێت یاریگاكان بەشێوەیەكی نوێ و گونجاوتر لەوەی هەیە بخرێتە خزمەتی لاوان و گەنجان.

راشیگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوو دا، پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی دەزگا و دامەزراوەکان، هەوڵی زۆری داوە بۆ دروستکردن و چاککردنەوەی یاریگاكان. بەڵام ئێستا ئەم پڕۆژەیە كار و خزمەتێكی لەچواچێوەی پلانی درێژخایەنی پارێزگا دانراوە و دەستخۆشی لە کۆمپانیایی جێبەجێکەر دەكەین کە بە کوالیتی بەرز و بەرپرسیارایەتییەوە کارەکانیان دەستپێدەکات.

لە كۆتایشدا، ڕایگەیاند، بە دڵنیایی ئەم پڕۆژەیە تەنها دەستپێکە بۆ قۆناغی نوێی گەشەپێدانی وەرزش و لاوان لە پارێزگای هەولێر. ئومێد دەكەین بە هاوبەشی و پشتیوانی هەمووان بتوانین هەولێر بگەێنین بە ئاستێكی بەرزی وەرزشی و چالاکی لاوان و گەنجان.

جێگەی باسە، لەو پڕۆژەیەدا ( 26 ) یاریگا نۆژەن دەکرێتەوە و یاریگایەكی نوێی 11 یاریزانیش لە سەنتەری قەزای ھەریر دروست دەکرێت بە شێوەیەکی نوێ و بە ستانداردی جیهانی. لەو ( 26 ) یاریگایەشدا، ( 16 ) یاریگایان بۆ شەش‌ یارەزانیە و ( 8 ) یاریگاش بۆ 11 یارەزانی دیزاین کراوە، كە زیاتر تیپە مللیەكان و یاریزان و ڕاهێنانی سوودی لێوەدەبینن . ئامانجیش لەو پڕۆژەیەدا خزمەتكردنی لاوان و گەنجان و یاریزانانی شاری هەولێرە.