لە هەولێر... ( 4 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

لە هەولێر... ( 4 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

لە هەولێر...
( 4 هەزار ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

رۆژی دووشەممە 2025.11.10، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و شکوریە عباس، بەرێوەبەری نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر و نوێنەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا و وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی چوارەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی ( 4 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى سەنتەری شار، ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری شاری هەولێرە.

لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر سێجاری دیكە زەوی دابەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆکایەتى شارەوانى و بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى هەولێر و فەرمانبەرانی کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى.

هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكە، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان و ڕایگەیاند، دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە کارێکی ئاسان نەبوو. كە ماوەی چەندین ساڵ بوو وەستا بوو، بەڵام بە هەوڵ و پشتگیری جەنابی سەرۆک وەزیران پڕۆسەكە دووبارە دەستی پێكردەوە و لە ئیستاشدا بە شێوەیەکی خێرا و پێشکەوتوو جێبەجێ دەکرێت.

گوتیشی، لە سنووری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوون و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەش بەردەوامی دەبێت تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، تاوەكو ئێستا چوار قۆناغ زەویی دابەشكراوە، کۆی گشتیى ئەو فەرمانبەرانەشی کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى ( 60 هەزار ) فەرمانبەرە، و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی.