پارێزگارى هەولێر : " پرۆسەی دەنگدان بەبێ کەم و کوری و زۆر بەڕێک و پێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت "

پارێزگارى هەولێر :

پارێزگارى هەولێر :
" پرۆسەی دەنگدان بەبێ کەم و کوری و زۆر بەڕێک و پێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت "

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2025.11.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى مەڕوان محمەد نەجاڕ، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و عمید كامل محمد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و عەمید خەسرۆ غازى، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیى، سەردانی چەند بنکەیەک و وێستگەیەكی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.

لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە کرد و سەردانى چەند وێستگەیەكی دەنگدانى کرد، تەئکیدی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە تائێستا هیچ پێشێلکاریەک تۆمار نەکراوە و پڕۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە هیچ یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ڕوویانداوە، پرۆسەکە بەبێ کەم و کوری و زۆر بەڕێک و پێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت، تەنها چەند گرفتێکى تەکنیکى لە هەندێک شوێن ڕوویداوە، ئەویش بە سوپاسەوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە زوو چارەسەرکراون".

پارێزگاری هەولێر، هەروەها دەستخۆشی لەسەرجەم هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان و تیمەكانی تری خزمەتگوزاری كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و دەستخۆشی لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق كرد. ئاشكراشی كرد وەكو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەک لە توانادا بووە كراوە، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت.

ئومێدیشی خواست خەڵك بچن بۆ دەنگدان و لە كەشێكی ئارام و ئازاددا بە ئارەزووی خۆیان دەنگ بدەن بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان، ئەوانەی لە بەغدا خەیانەت لە دەنگەکانیان ناكەن و نوێنەری ڕاستەقینە و داكۆكیكار و بەرگریكاری ڕاستەقینەی ماف و موستەهەقاتی خەڵکی کوردستانن.

جێگەى باسە، لە بازنەی هەولێر ( 1 ملیۆن و 2 هەزار و 87) كەس هەن كە مافی دەنگدانیان هەیە و لە ( 528 ) بنکە و ( 2,003 ) وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت، ناوەندەکانی دەنگنیش لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە کراونەتەوە و بڕیارەی پرۆسەی دەنگدان تاوەکو كاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت. سەرجەم بنکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگاریان لێ دەكرێت، هاوکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشەوە لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکرێت.