هەولێر.. کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران
هەولێر..
کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران
شەوی سێشەممە 2025.11.25، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ئومێد خۆشناو، پاێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران و سەرۆکانی ژووری بازرگانی ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە ) کۆبوونەوەیەک لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کۆمپانیایانەی بەشداربوون لە " هەشتەمین گەورە پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتووتان و پلاستیکی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک"، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای بەخێرهێنانی بازرگانانی ئێران بۆ شاری هەولێر، جەختی لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە، هیواشی خواست پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان نێوان هەردوولا گەشەی زیاتری پێ بدرێت.
هەروەها دەستخۆشی لە بەشداربوونی کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئێران کرد لە پیشانگاکە، و تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتن و بەرە و پێشوەچوونانەی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هاتوۆتە ئاراوە.
خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا کە هەمیشە لە کردنەوەی پیشانگاکاندا لە هەولێری پایتەخت ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئێرانیەکان بەشداردەبن و کاریگەریان دەبێت.
هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتنامەی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی تری کۆماری ئیسلامی ئێران دا بەتایبەتی لەگەڵ پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژئاوا "ورمێ" کە بەهۆیەوە توانراوە کارەکانی ژووری بازرگانی و بازرگانانی هەردوولا ئاسانکاری زۆر و بەرەوپێشوەچوونی زۆر بەخۆیەوە ببینی و جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری گەشەی زیاتر بکات لەهەردوو مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین. بۆ ئەو پرسەش سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد، کە ڕۆڵیان هەبووە لەو ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتانەی واژووکراوە، بەتایبەتی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرکونسڵی وڵاتەکە لە هەولێر.
لە کۆتایشدا، هیوای خواست دانیشتن و کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەردوولا بەردەوامیان هەبێت و ببێتە هۆکاری زیاتر پێشکەوتنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.