هەولێر…. بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، دووەمین کۆبوونەوەی پلانی پێشوەختەی ئامادەکاری بۆ وەرزی بارانبارین بەرێوەچوو

هەولێر….  بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، دووەمین کۆبوونەوەی پلانی پێشوەختەی ئامادەکاری بۆ وەرزی  بارانبارین بەرێوەچوو

هەولێر….

بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، دووەمین کۆبوونەوەی پلانی پێشوەختەی ئامادەکاری بۆ وەرزی بارانبارین بەرێوەچوو

ئەمشەو چوارشەممە، 28.10.2026 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ،هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەشێک لە قائیمقامەکان، بەرێوەبەری گشتی و بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا، بۆ تاوتوێکردنی پێشبینییەکانی کەشناسی و ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ وەرزی باران بارین و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو، جەخت لە گرنگیی ئامادەکاریی پێشوەختە، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی زیانە ئەگەرییەکانی بارانبارین .

لەو چوارچێوەیەدا، چەند ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکی گرنگ خرایە بەرباس، لەوانە خستنە ئامادەباشیی تیمە خزمەتگوزاری و فریاکەوتنەکان، خێراکردنی پاککردنەوەی کەندە سروشتییەکان، مەنهۆڵ و ڕێڕەوەکانی ئاوی باران، هەروەها گرنگیدان بە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ناوچە مەترسیدارەکان.

هەروەها، جەخت لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانییەکان، پۆلیس، فەرمانگە تەندروستییەکان و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر دۆخێکی لەناکاودا، بە خێرایی و کارامەیی دەستبەکار بن.

لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان لە پێشینەی بەرپرسیارییەکانی کارگێڕیی پارێزگادایە، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەماهەنگیی تەواو ئامادەباشیی بەردەوام، هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرنەبەر، بۆ سنووردارکردنی مەترسییەکان و دڵنیابوون لە خێرایی و کارایی وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو.