لیژنەی چاودێریی بازاڕی هەولێر: شوێن هەیە بەهۆی سەرپێچییەوە داخراوە و تائێستا نەکراوەتەوە

لیژنەی چاودێریی بازاڕی هەولێر: شوێن هەیە بەهۆی سەرپێچییەوە داخراوە و تائێستا نەکراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر دەڵێت، هەر فرۆشگە و مارکێتێک قۆرخکاری بکات و دۆخەکە بقۆزێتەوە بۆ گرانکردنی کاڵا و شمەک، بەگوێرەی سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت، "فرۆشگە هەیە بەهۆی قۆستنەوەی دۆخی ناجێگری بازاڕ شمەکی گران کردووە، لەلایەن لیژنەکانمانەوە تائێستا داخراوە."

رێژیار محەممەد، ئەندامی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی هەولێر رایگه‌یاند، لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و بەدواداچوون بۆ دۆخی بازاڕ لە سنووری ناوەندی هەولێر.

ئەو ئەندامەی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی هەولێر گوتیشی، لیژنەکانیان رۆژانە چاودێریی بازاڕ دەکەن و کۆگە و فرۆشگەکانیش دەپشکنن بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کاڵا و خۆراکی ماوەبەسەرچوو و یارینەکردن بە نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕدا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە گوتەی رێژیار محەممەد، "حەوت شوێن و فرۆشگە رەوانەی چاودێریی بازرگانی کراون بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانیان بکرێت و سزا بدرێن، تەنانەت هەندێک شوێن بەهۆی سەرپێچییەکانیانەوە رەوانەی دادگە کراون."

ئەندامەکەی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامیەتی هەولێر گوتیشی، هەندێک شوێن و فرۆشگە دۆخی ناجێگیری بازاڕیان قۆستووەتەوە و نرخی کاڵا و شمەکیان گران کردووە، "بەڵام شوێنەکانیان لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازاڕەوە داخراون و تائێستا نەکراونەتەوە، هەر فرۆشگەیەکیش سەرپێچی بکات، بەگوێرەی سەرپێچییەکەی سزا دەدرێت."

لەبارەی بوونی سەرپێچی و گرانکردنی کاڵا، ئەندامەکەی لیژنەی چاودێریی بازاڕ باسی لەوە کرد، "هەر کەسێک بینیی لە بازاڕەکاندا سەرپێچی و گرانکردنی کاڵا هەیە لەلایەن فرۆشگە و مارکێتەکانەوە لە سنووری ناوەندی هەولێر، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین."