پارێزگارى هەولێر، سەردانى کەمپینى هەولێرى بۆ هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیا و سوریا کرد

پارێزگارى هەولێر، سەردانى کەمپینى هەولێرى بۆ هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیا و سوریا کرد


ئەمرۆ پێنجشەممە 2023.2.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند، لە بەردەم پارکى شانەدەر، سەردانى کەمپینى هەولێرى بۆ هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیا و سوریا کرد.

وێڕاى دەستخۆشى بۆ خۆبەخشانى کەمپینەکە، تەئکیدى لەوەکردەوە لە ژێر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان ئەم کەمپینە ڕاگەیندراوە بۆ بە هانەوەچوونى لێقەوماوانى کارەساتى هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا و ڕایگەیاند: "بە خۆشحاڵیەوە هەرێمی کوردستان یەکەم شوێن بووە لە نێو هەموو وڵاتان دوای ئەوەى ئەم کارەساتەى کە روویدا یەکەم کاروانی مرۆیی گەیاندووە و ئێستا لە شوێنی کارەساتەکەن و لە خزمەتی لێقەوماوان دان، وەکو خەڵکی هەولێریش کە هەمیشە بەخشندە و میهرەبانن، لە ڕێگەى ئەم کە مپینەنەوە ئومێد دەکەین زۆرترین هاوکارى و کۆمەک بۆ زیان لێکەوتووان و لێقەوماوانى ئەوکارەساتە گەورە مرۆییە کۆبکەینەوە.".

جێگەى باسە، لە دوێنێ شەوەوە پارێزگارى هەولێر، کەمپینى هەولێرى بۆ هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیا و سوریا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ڕاگەیاند، بۆ هەموو ئەو کەس و لایەن و گروپ و خێرخوازانەى کە دەیانەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانیان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی ئەو کارەساتە درێژبکەن.