پارێزگارى هەولێر سەردانى کونسڵخانەى تورکیاى کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.2.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستى گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوسۆزى و هاوخەمی حکومەتی هەرێم و خەڵکى شارى هەولێر سەبارەت بەو بومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتی تورکیای گرتەوە و بەهۆیەوە جگە لە زیانى مادیى زیانى زۆرى گیانیشی لێکەوتەوە.، سەردانى کونسڵخانەى تورکیا لە هەولێر کرد و لەلایەن کونسڵى تورکیا لە هەولێر بە گەرمى پێشوازى لێکرا.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر پەیامى سەرەخۆشى و هاوسۆزى و هاوخەمی خەڵکى شارى هەولێرى لە ڕێگەى کونسڵى تورکیا لە هەولێر گەیاند بە حکومەت و گەلى تورکیا سەبارەت بەو کارەساتەى لە وڵاتەکەیان روویدا و ڕایگەیاند: "وەکو حکومەت و گەلى کوردستان و خەڵکى هەولێر خەمبار و نیگەرانین بەم رووداوە و ژانەکانى ئێوە بەهى خۆمان دەزانین، بۆیە دووبارە سەرەخۆشى و هاوخەمى خۆمان لە ڕێگەى ئێوەى بەڕێزەوە دەگەێنین بە کەس و کارى قوربانیان و هیواى زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، ئومێد دەکەین ئەمە دوا ناخۆشیتان بێت".
لەلایەن خۆیەوە کونسڵى تورکیا لە هەولێر، زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ سهردانهكهى و گەیاندنى پەیامى سەرەخۆشى و هاوسۆزى و هاوخەمیان. دووپاتیشکردەوە کە کارەساتەکە لە سەرووی پێشبینیەکانمانەوە بووە هەروەها سوپاسی هەڵوێستی حکومەت و گەلی کوردستانی کرد کە پێش هەموو وڵاتان تیم و یارمەتییەکانیان گەیشتە شوێنی کارەساتەکانی وڵاتی تورکیا، لەوبارەیەشەوە گوتی : "ئەوە خۆشحاڵی کردین و ئازاری لەسەر کەم کردینەوە".