لە هەولێر... 13 هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لە 11ی ئادار دەست پێدەکا، تاکو ئێوارەى نەورۆز بەردەوام دەبێت

لە هەولێر... 13 هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لە 11ی ئادار دەست پێدەکا، تاکو ئێوارەى نەورۆز بەردەوام دەبێت

ئێوارەى شەممە 2022.2.25، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى (13) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز و بەرز ڕاگرتنى یادەکانى ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕاپەرین و ڕزگاركردنی شاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە جێگرى بەرێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سکرتێرى سەندیکاى هونەرمەندان و ڕاگرى کولێژى هونەرە جوانەکان و بەڕێوەبەرانى، چالاکى قوتابخانەکان، پەیمانگاى هونەرە جوانەکان، هونەرى موزیک، هونەرى شێوەکارى، کەلەپور و هونەرى میللیەکان، سەنتەرە رۆشنبیرییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى (13) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز کرا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەى باڵاى فیستیڤاڵ و چەند لیژنەیەکى دیکە دیاریکران بۆ بەرێوەبردنى ڕۆژانى فیستیڤاڵ، کە لە ڕۆژى11ی ئادارى ئەم ساڵ بۆ بەرز ڕاگرتنى یادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر و ڕاپەڕین دەست پێدەکات و تاوەکو ئێوارەى نەورۆز 20ى ئادار بەردەوام دەبێت و زۆرترین چالاكی هونەرى جۆراوجۆر لەلایەن هونەرمەندانەوە بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر لە چەندین شوێنى هەولێرى پایتەخت، وەک قەڵاى هەولێر، پاركی شانەدەر، چەندین شوێنی دیکە پێشکەش دەکرێت.

جێگەى باسە، ساڵانە بەبۆنەى یادەکانى ڕێككەوتنامەى 11ی ئادار ی ساڵى 1970 و 11ی ئاداری ساڵی 1991ى ڕاپەڕینى جەماوەری شاری هەولێر، لەلایەن پارێزگاى هەولێر فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بۆ ماوەى 10 ڕۆژ ساز دەکرێت.