هەمواركردنەوەی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر قۆناغێكی دیكەی بڕی
رۆژی سێشەممە (28/2/2023) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان، کۆبوونەوەی سێیەمی کۆمیتەی هەماهەنگی هاوبەش، ناسراو بە JCC ئەنجام درا و دەست بە قۆناغێكی تر بەسەر كارەكانی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا كە لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) جێبەجێ دەكرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی بەرەوپێشچوونی پرۆژەکە كرا، کە لەلایەن تیمی پرۆژەکە لە جایکا کە چەند شارەزایەکی ژاپۆنی پێکهاتووە و بە هاوئاهەنگی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر ئامادە كراوە و ماوەی نۆ مانگە كاری لەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ماستەرپلانی شاری هەولێر ئاماژەیان پێ كرا و بە پێی هەلومەرجی تازە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاوەدانی شاری هەولێر کرا.
هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، لە پاڵ ڕێكخستنەوەی گەشەی شار، لایەنی ژینگەپارێزی و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و چەند بابەتێکیترکە گرنگن لە خۆ دەگرێت و بە هەندیان وەردەگرێت.