بەرلین: کوڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەڵمانیا - کوردستان
ئەمرۆ هەینى 2023.3.3، کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێـنان و جێگرى پارێزگارى دهۆک و ژمارەیەکی دیکە لە خاوەنکار و یەکێتی وەبەرھێنەران و ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە چوارچێوەى کارەکانى یەکەمین کۆڕبەندی ئەڵمانیا - کوردستان، کە بە مەبەستى بە هێزکردنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەر و کارساز و بازرگانانی ئەڵمانیا و هەرێمى کوردستان سازکراوە، لەگەڵ ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، لە ژێر رۆشنایی فەرمان و ڕاسپاردەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و یاسا بەرکارەکانی وەبەرھێنان و لە پێناو سوود وەرگرتن لە پێکەوە کارکرنى وەبەرهێنان لە بوارەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار، ئاوەدانکردنەوە) گفتوگۆ لە بارەى بە هێزترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەڵمانیا کرا.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی زیاتر پەیوەندى نێوان کۆمپانیا، وەبەرهێنەر، کارساز و بازرگانەکانی هەردوولا، لەوبارەیەشەوە شاندى هەرێمى کوردستان تەئکیدیان لە پێشکەشکردنى ھەموو ئاسانکارییەک کردەوە بـۆ وەبەرھێنەرانی ئەڵمانیا کە بیانەوێت کاری وەبەرھـێنان لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدەن.
جێگەى باسە، کوڕبەندی ئابوری و وەبەرهێنانی ئەڵمانیا- کوردستان کە پڕۆژەی کۆمەڵەی دوستایەتی کورد و ئەڵمانیایە بە هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لە 2 و 3 ى ئەم مانگەوە سازکراوە، مەبەست لێی بە هێزترکردنی پەیوەندییەکانى نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەر و کارساز و بازرگانەکانی هەردوولایە، وا بڕیاریشە ئەم پڕۆژەیە ببێتە نەریتێکی ساڵانە لە نێوان بەرلین و هەولێر و پاش کۆڕبەندی یەکەمینی بەرلین، کوڕبەندی یەکەمینی هەولێریش هەر ئەم ساڵ ساز بکرێت.