ئه مڕۆ لە هەولێر .. 13 هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەست پێ‌ دەكات

ئه مڕۆ لە هەولێر .. 13 هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەست پێ‌ دەكات

ئه مڕۆ شەممە 2023.3.11، بەڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شەهید خەجەباوە و دیواربەندی شەهیدانی ڕاپەڕین، (13) هەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێری پایتەخت دەست پێ‌ دەكات و ئێوارەی 20ـی ئاداریش بە هەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە پارکی شانەدەر كۆتایی بە فیستیڤاڵەكە دێت.

ساڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادار و بەدیاری كراوی لە 11ـی ئادار ڕۆژی ڕزگارکردنی شاری هەولێر، فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەست پێ‌ دەكات، ئەو فیستیڤاڵە دەیان چالاكی جۆرا و جۆری هونەری لە خۆیەوە دەگرێت وەكو هەڵپەركێ‌، شانۆ، مۆسیقا، پێشانگا و ماراسۆن و چەندین چالاكی تر.

دوێنی بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامادەكارییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ یاد و بۆنەكانی ئازار و ئەنجامدانی 13 مین فیستیڤاڵی (ئازادی و نەورۆز) لە هەولێری پایتەخت، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند.

جێگەی باسە، ساڵانە بەهۆی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لەناوخۆی هەرێم و شارەکانی تری عێراق و وڵاتانەوە ڕوو لە پایتەختی کوردستان دەکەن و سوود لەو ساتە خۆشانەوە دەبینن کە لە فێستیڤاڵەكەدا پێشكەش دەكرێن.