هەولێر... ڕۆمانى " ئەو پیاوەى پێدەکەنێ " ناسێنرا
هەولێر...
ڕۆمانى " ئەو پیاوەى پێدەکەنێ " ناسێنرا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.12.1، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیران، لە ڕێورەسمێکدا لە هۆڵى شەهید مەهدى خۆشناو، یەکێتى نووسەرانى کورد لقى هەولێر، ڕۆمانى "ئەو پیاوەى پێدەکەنێ" لە نووسینى "فیکتۆر هۆگۆ" و وەرگێڕانى شەهیدی سەرکردە مامۆستا "سەعد عەبدوڵڵا" و لێدوانى "ئیسماعیل تەنیا" ناساند.
لە ڕێورەسمەکەدا، وێڕای ناساندنی ڕۆمانەکە، بەڕێزەوە یادی ئەو پێشمەرگە و سەركردە دڵسۆزە کرایەوە و سەری رێز و نەوازش لە بەردەم خەبات و مێژووی پڕ لە تێكۆشانیدا دانەوێنرا، کە لە کردەوە تیرۆرستیەکەی 1ـی شوباتی 2004 لە ناو بارەگای لقی2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵانی شەهید بوو.
پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە لقی هەولێری یەکێتى نووسەرانى کورد بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێورەسمە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواستن.