هەولێر: پێشوازی لە دکتۆر فریاد فازل، وەرگری خەڵاتی تایبەتی سەرۆك کۆماری ئەڵمانیا…
دکتۆر فریاد فازل: خەڵاتەکە بەهەموو نەتەوەیی کورد بەخشراوە …
ئەمشەو رێکەوتی 13-1-2023 لە فڕۆکەخانەی هەولێر، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەند لەگەڵ نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و زانکۆی سەلاحەددین پێشوازیان لە دکتۆر فریاد فازڵ عومەر، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردی لە بەرلین کرد،کە ماوەی نیو سەدەیە لەبەرلین خزمەت بە ناساندنی زمان و ئەدەب و مێژووی کورد دەکات.
لە میانی پێشوازیەکدا هێمن قادر جێگری پارێزگار بە ناوی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەخێر هاتنی دکتۆر فازڵی کردو پیرۆزبایی ئەو خەڵاتەی لێ کردو کارەکانی ناوبراوی لە پێناو دۆزی رەوای کورد بەبەرزی هەڵسەنگاندو کارەکانیشی بە نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەرانە لە قەڵەمدا، هاوکات جەختی کردەوە کە لەماوەی مانەوەی دکتۆر فریاد فازڵ چەندین بەرنامە لە ئارادان و نەخشەیان بۆ کێشراوە…
لەلایەن خۆیەوە دکتۆر فریاد فازڵ عومەر سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردی بەرلین ، سوپاسگوزاری خۆی بۆ پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگار دووپاتکردەوەو روونیشیکردەوە، کە ئەو خەڵاتەی بە ئێمە بەخشراوە بە هەموو کورد بەخشراوە، جێگەی شانازیە کە توانیومە خزمەتێکی موتەوازیع بە گەلی کورد ببەخشم و زمانی کوردیش بە دان پێنانی بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا هیچی لە زمانەکانی دونیا کەمتر نییە، هیواشی خواست کە ئەڵمانیا ببێتە خاڵ گەشانەوە و بووژانەوەی زانستی کوردۆلۆژی ….
لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی بە کەلتوورو زێدی خۆمان کردووە، سەرۆکی ئەڵمانیا، (خەڵاتی لێهاتوويی) پێ بەخشین، کە تاکە خەڵاتە ئەڵمانیا بەکەسێکی دەبەخشێت خزمەتی مرۆڤایەتی کردبێت، واتە خەڵاتەکە هەم زانستی و ئەکادیمیە، هەم مرۆڤایەتییە…
دکتۆر فریاد فازڵ عومەر مامۆستای زانکۆیە لە بەرلین و زیاتر لە نیو سەدەیە لە زانکۆی ئازاد لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کار دەکات و خزمەتی زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی کردووە …..