سەوزكردنی ھەردوو شەقامی سەرەکى 120 و 150 مەتری بەردەوامە
لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەوزایی و پاکڕاگرتنى ژینگە و لە پێناو زیادکردنى ڕێژەیی سەوزایی و جوانکاری شەقام و شۆستەکانى شار ھەڵمەتی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوامە، لە ئێستاشدا ھەڵمەتێک بۆ سەوزکردنی شەقامی بەحرکە لە نێوان ھەردوو شەقامی سەرەکى 120 مەتری و 150 مەتری ھەولێر دەستی پێکردووە و زیاتر ( 1 ھەزار و 500 ) داری جۆری ئەلبیزیا و سیسەم دەچێندرێت، پێشتریش لە نێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری نزیکەی ھەزار دار چێنراوە.
جێگەى باسە، بەپێی پێوەر ڕووبەر ڕێژەی سەوزایی لە شارى ھەولێر 20% دەبێت و بە تەواوبوونی ئەو ھەڵمەتانەش ڕێژەی سەوزایی زیاتر دەبێت، بۆیە تا کۆتایی ئەم ساڵ ھەڵمەتی سەوزکردنی ھەولێر بەردەوام دەبێت و ئامانج لێى زیادکردنى ڕێژەکەیە بۆ 50% ، کە بەھۆیەوە هەم ڕێژەی سەوزایی زیاد دەبێت و ژینگەی ھەولێر پاک دەبێت، ھەمیش شەقام و شوستەکانى شارى ھەولێر جوانتر دەکرێت.