هەولێر ... یادى هونەرمەند و پێشەنگ کۆچکردوو " جواد ڕەسوڵ ناجى " بەرز ڕاگیرا
هەولێر ...
یادى هونەرمەند و پێشەنگ کۆچکردوو " جواد ڕەسوڵ ناجى " بەرز ڕاگیرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.2.18، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەکى تر لە مامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەند و هونەردۆستان و نووسەر و ڕۆشنبیران و کەس و کار و خانەوادەکەى، دەزگاى کەلتوورى یاد بە هاماهەنگى گۆڤارى یەکەم چرا، لە هۆڵى شەهید مەهدى خۆشناو لە بارەگاى لقى هەولێرى یەکێتى نووسەرانى کورد، لە مەراسیمێکدا لەژێر ناونیشانى ( چیڕۆکى ڕچەشکێنەکان ) یادى هونەرمەند و پێشەنگ " جواد ڕەسوڵ ناجى " بەرز ڕاگرت
لە مەراسیمەکەدا پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەر و سەرپارشتیارانی ڕێورەسمەکە، ستایشی خزمەتکردنى خوالێخۆشبوو " جواد ڕەسوڵ ناجى " وەک مامۆستا و پەروەردەکارێک کرد و تیشکى خستەسەر ڕۆڵى مێژوويى ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانى شانۆى کوردى لە شارى هەولێر و خزمەت و کارە هونەرییەکانى بەرزنرخاند. پاشان خەڵاتى ڕێزلێنان و گوڵى وەفا پێشکەش بە خانەوادەکەى کرا.
جێگەى باسە، خوالێخؤشبوو " جواد ڕەسوڵ ناجى " لە ساڵى 1922 لە گەڕەکی بایز ئاغا لە شارى کۆییە لە دایک بووە، ساڵى 1927 چۆتە قوتابخانە و لە ساڵى 1941 لە هەولێر قۆناغی ناوەندی تەواو کردووە و ساڵى 1944 بە مامۆستا دامەزراوە، جگە لە مامۆستا و پەروەردەکارێک پەیکەیرتاش و دەرهێنەری شانۆیی و نەخشەکێش و ئەکتەر و دیکۆریستێکى بە توانا بووە، لە ساڵى 1931 بۆ یەکەم جار چۆتە سەر شانۆ و لە ڕەواندوز بەشداری لە شانۆگەرییەک کردووە، لە ساڵانى 1951 - 1952 چەندین شانۆگەری دەرهێناوە و سەرپەرشتی پیشانگەیەکی گەورەی قوتابیانی کردووە. ساڵى 1963 لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی دەستگیر کراوە، ساڵى 1964 وانەی هونەری ووتووە لە (خانەی مامۆستایانی هەولێر)، لە ساڵى 1971 تووشى نەخۆشى بووە و لە 1975.11.11 بەهۆى نەخۆشیەکەیەوە لە گەڕەکى شۆڕشى شارى هەولێر لە ماڵەکەى خۆیدا کۆچى دوایی کردووە.