پارێزگاری هەولێر، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد
پارێزگاری هەولێر، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2025.3.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی پێشوازیکردن لە هاوڵاتییان و میوانان و گەشتیاران، کە بەبۆنەی جەژنی پیرۆزى ڕەمەزانەوە سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن، بەیاوەری هەریەک لە بژار مەلاخدر، قائیمقامی قوشتەپە و دلێر محمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوحۆی پارێزگا و عەقید کەیفى عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی بازگەکان، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد.
لە سەردانەکەیدا، پارێزگارى هەولێر دوای لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئامادەکاری و ڕێوشوێن و ڕێکارەکان کرد بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران، دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی بەڕێوەبەر و کارمەند و ئەفسەرانی ئاسایشی بازگە كرد، هەروەها تەئکیدی لەوەکردەوە، بێجگە لەو پلان و بەرنامە و ڕێککارە تایبەتیانەی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران دانراوە، ئاسانکاری تەواویان پێشکەش بکرێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە بازگەکان نیشاندەری سیمای جوانی شارەکەمانە لە میوان دۆستی و خۆشەویستی، بۆیە تا دەتوانن لە پێشوازیکردن لە گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان بە سینگفراوانە مامەڵە بکەن، ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە و خزمەتێکی گەورەیە بە نیشتیمان و شارەکەمان.