هەولێر ... یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتى شارەوانى بهڕێوهدهچوو
هەولێر ...
یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتى شارەوانى بهڕێوهدهچوو
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.4.14، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بریکارى وەزیرى شارەوانى و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و جێگرانى پارێزگار و نوێنەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و نوێنەرى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و قائیمقامى ناوەندى و ژمارەیەکى تر لە بەڕێوەبەرانى گشتیى و ڕاوێژکارانى وەزارەت و سەرۆک و مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین و ئەندازیاران و پسپۆڕان و شارەزایان، بۆ یەکەمین جار لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بە هەماهەنگى زانکۆى سەڵاحەدین، لە ژێرناونیشانى " لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر " بەڕێوەچوو.
ئەم کۆنفرانسە کەماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا ( 9 ) تەوەرى گرنگی تایبەت بە ( پڕۆژەکانى ڕیگا و بان و ڕیکخستنەوەى هاتووچۆ، نەخش و زەخرەفەى کوردى، ووزە نوێبووەکان و پیس بوونى هەوا، ڕووبەرى سەوزایی و مۆڵەت و ڕووپۆشى باڵەخانەکان، خۆڵ و خاشاک، کارگێڕى و کەمکردنەوەى ڕۆتین، ڕێکخستنەوەى تابلۆکان و لافاو، ڕوودان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، سیستەمى ئاوەڕۆ ) لە لایەن پسپۆڕ و شارەزایان گفتوگۆى زانستى لەبارەوە دەکرێت.
لە ڕێورەسمى دەستپێکى کۆنفرانسەکەدا پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و زانکۆى سەڵاحەدین کرد بۆ رێکخستنى کۆنفرانس، هەروەها هەنگاوەکانى ترى سەرۆکایەتى شارەوانى بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتى پەرەپیدانى شارى هەولێر بەگرنگ وەسف کرد و ئاماژەى بەوەدا کە لە ساڵانى ڕابردوو سەرەڕاى ئەو هەموو کۆسپ و لەمپەرانەى هەبوون، توانرا تاڕادەیەکى باش بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێت و بەشێکى تریشیان ئیستا لە جێبەجێکردندان.
پارێزگارى هەولێر لە بارەى ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانسەکەش ڕوونى کردەوە کە ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانسە دەمانگەێنێتە قۆناغێکى دیکەى بەرزکردنەوەى کوالێتى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هاوتەریب لەگەڵ هەمووارکردنەوەى ماستەر پلانى هەولێر، کە لەلایەن جایکاوە بەسەرپەرشتى وەزارەتى شارەوانى لە ماوەى ساڵى ڕابردوو تەواوکراوە، لەوبارەیەشەوە بەناوى پارێزگاى هەولێر جارێکى دیکە سوپاسى وەزیرى شارەوانى و تیمەکانى وەزارەتى کرد لە پشتیوانیکردنی سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێر.
ڕاشیگەیاند: "بێشک ئەگەر لە بەغداوە ئەو گرفت و لەمپەرانەى بۆ هەرێمى کوردستان و ڕەتى پێشکەوتن و گەشەسەندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست نەکرابایە، ئێستا باسمان لە گەشەسەندن و پیشکەوتنى زیاترى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر و هەرێمى کوردستان دەکرد، بەلام به ئیرادەى خۆڕاگرى خەڵکى کوردستان و جەنابى سەرۆکوەزیران توانرا بە ئیمکانیاتى و چاکسازیی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکان، هەموو ئەو لەمپەر و گرفتانەى هەبوون بەلاوە بنرێت و بەشێک لە پڕۆژەکان دەستیان پێبکرێتەوە".
لە کۆتایشدا گوتى: "ڕاستە گرفت زۆر بووە بەڵام لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەست لە بۆ زۆر بابەتى گەورە بردراوە، لەوانەش گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ کەرتى 8ى حەسارۆکان کە یەکێک بوو لە چیرۆکە لەبن نەهاتووەکانى شارى هەولێر، ئەوە جگەلە قیڕتاوکردنى چەندین گەڕەک کە لە نێو سەنتەرى شاربوون، دروستکردنى چەندین بەندا و پۆند لە چواردەورى هەولێر کە لەڕووى مێژوویەوە یەکەمین جارە ئاو بەو شێوەیە لەنزیک شارى هەولێر دەبینرێت، هەروەها چارەسەرکردنى گرفتى لافاو کە کارێکى ئاسان نەبووە".