پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسی یەکەمی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەعێراق دەکات

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسی یەکەمی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەعێراق دەکات

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسی یەکەمی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەعێراق دەکات

ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.9.3، ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیكرد لە تۆبی هاروارد، نوێنەر و بەرپرسی یەکەمی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)ە لە عێراق.

لە دیدارەکەدا کە بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردولا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ کرا، لەوانە باشترکردنی دۆخی پەنابەران و تاوتێکردنی ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەران و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران، و جەخت لەسەر هاریکاری بەردەوامی کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە ڕووی خزمەتگوزاری و مرۆییەوە و بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان پارێزگای هەولێر و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان كرایەوە.

هاوکات، ڕۆڵی مرۆیی و مەیدانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک هاوبەش و هاوکارێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز نرخێندرا، كە توانیویەتی لە ڕێگەی هەماهەنگی بەردەوامی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نەک هەر لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی سەرکوتووانەی کەمپەکاندا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت، بەڵکو لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، فریاگوزاری خێرا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بە ئاوارە و پەنابەران، جێدەستی دیاربێت.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پارێزگاری هەولێر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێنماییە بەردەوامەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژ بە بڕیاری هەر جۆرە ناچارکردن یان بەزۆر ناردنەوەیەکی ئاوارە و پەنابەرانین بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ لێقوماوان و پشتگیری لە پرۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکات، بە جۆرێک کە کەرامەت و ئاسایشی پەنابەران بە تەواوی پارێزراو بێت.

لە بەرامبەردا، نوێنەر و بەرپرسی یەکەمی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)ە لە عێراق، ستایشی ڕۆڵی مرۆیی هەولێر و حکومەتی هەرێمی كوردستانی کرد لە حەواندنەوە و پاراستنی پەنابەران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.