پارێزگاری هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەڕەنسۆ هەریری" بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی

پارێزگاری هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەڕەنسۆ هەریری" بەسەرکردەوە

ئەمشەو یەکشەممە، 2026.10.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی و سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر و خۆشناو ئاقوبانی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەڕەنسۆ هەریری بەسەرکردەوە ، کە بە گوژمەی ( 4 ملیار و نزیکەی 200 ملیۆن دینار )، دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە.

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی یاریگاکە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان دووپاتیکردەوە، بە سوپاسەوە بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕەزامەندبوو لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یارگاکە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکردووە.

گوتیشی، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای فڕەنسۆ هەریری کە ساڵی پار لە ڕۆژی پیرۆزکردنی یانەی فڕەنسۆدا بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگامان دا، ئەو کاتە دەست بە کارەکانی کرا، قۆناغ بە قۆناغ پێشکەوتنی باش لە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان هاتەدی، ئەو کاتە جارێکی دیکە داواکاریمان پێشکەش کردەوە کە ڕەزامەندی درا، ئێستا بە کۆی ئەو بوودجەیەی لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە تەرخانکراوە، ( 4 ملیار و نزیکەی 200 ملیۆن دینارە ) کە یاریگاکە و زۆربەی بەشەکانی نۆژەن دەکرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، وەک بینیتان لە قۆناغەکانی ڕابردوو ئەوەی زۆر گرنگ و پێویست بوو چاککردنی چیمەنەکەی بوو، ئێستاکە بە کوالێتییەکی بەرز و بە گونجاندنی لەگەڵ یاریگا نێودەوڵەتییەکان کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بە ناوی Hendricks کارەکانی نۆژەنکردنەوەکەی جێبەجێ دەکات، سەرەڕای ئەو دۆخە داراییەی کە هەمانبوو لە ماوەی ڕابردوودا کە هەندێ جار لە قۆناغەکاندا ڕاوەستانی تێدەکەوت، بەڵام ئەوانیش هاوکار بوونە و توانییان بگەینە ئەو قۆناغەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا وەک بەڵێنێک کە هەیە لە نێوانماندا لە 23 تا 25ی مانگ هەموو کارەکانی یاریگا تەواو دەبن و لە 28ی مانگ بە پشتیوانی خودای گەورە یەکەم یاری خولی کەنەداو لێرە یانەی هەولێر ڕووبەڕووی یانەیەکی سعوودی دەبێتەوە.

پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە ئومێدی سەرکەوتنی بۆ یانە هەولێر هەم لە خولی کەنەداو و هەمیش لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە هەموو یارییەکانی دیکە کە یانەی هەولێر تێیدا بەشدارە خواست.

گوتیشی، بەدڵنیاییەوە پشتیوانیەکانمان بۆ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت، لە سەرووی هەمووشمانەوە پشتیوانی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگەى باسە، یاریگای نێودەوڵەتی "شەهید فەڕەنسۆ ھەریری" لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی 2001 بەناوى شەهید "فەڕەنسۆ ھەریری" کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شارى هەولێر.