لە هەولێر.... فیستیڤاڵی زمان و کەلتووری تورکمان بەڕێوەچوو

لە هەولێر.... فیستیڤاڵی زمان و کەلتووری تورکمان بەڕێوەچوو

لە هەولێر....
فیستیڤاڵی زمان و کەلتووری تورکمان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە، 2026.11.17، بەئامادەبوونی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم، محەمەد دڵشاد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان، کەسایەتییەکانی هەولێر، ئەندامانی پەرلەمان، کەسایەتییەکانی سیاسی تورکمانی، ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی مەدەنی، فیستیڤاڵی تایبەت بە زمان و کەلتووری پێکهاتەی تورکمان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمانەوە ڕێکخرابوو بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا رایگەیاند، یەک لە شانازییەکانی کوردستان دوای ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و پێش دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لەسەر شێوازاری بەکارهێنانی پێشتر دەگوترا کەمینە، یەکێک لەوانەی کە دژی وەستایەوە بابەتی کەمینە یەکلا کردەوە کە کەمینە و زۆرینە نییە، نەتەوە نەتەوەیە، پێکهاتە پێکهاتەیە، ئایین ئایینە، بە زۆرینەی ژمارە نییە، سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو کە ئەو کاتی دژی ئەو موفرەدەیە وەستایەوە گوتی باس کردن لە کەمینە و زۆرینە بابەتێکی نەگونجاوە، بەڵکو ئەوانە پێکهاتەی ئەسڵ و ئەساسی ئەو نیشتمانە و ئەو وڵاتەن. تا ئەمڕۆکەش ئەوە بووەتە بەشێک لە بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستان، بووەتە بەشێک لە مەبدەئی ئەوانەی کە دەیانەوێ ژیانێکی ئاسوودە و ئارام بەسەر ببەن.

گوتیشی، هەولێر وەک نموونەی ئەو پایتەختە کە جگە لە موسڵمان ئایینی دیکەی تێدایە، جگە لە کورد نەتەوەی دیکەی تێدایە، بەڵکو هەموومان وەک برا، وەک خوشک و برا و کەسوکاری یەکتر پێکەوە دەژین. تورکمانیش لە شاری هەولێر ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە. کە ئەوانیش بەشێک بوونە لە تەواوکاری ئەو بابەتانەی کە قووڵکردنەوەی ئەو باوەڕە. لە زۆر زەمەندا هەوڵی ئەوە دراوە پەرتەوازەیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکرێت، بەڵام هەولێرییەکان بە تورکمان و بە کورد و بە موسڵمان و بە مەسیحییەوە دژی ئەو بابەتە بوونە و تا ئەمڕۆکەش هەر دژی دەوەستنەوە، بەڵکو ئەو ناسنامە جوانەی شارەمان، ئەو ناسنامە جوانەی خەڵکی شارەکەمان هەموولایەکمان پارێزگاری لێ دەکەین و بە بەرزی دەمێنێتەوە.

جێگەی باسە، ئامانج لە سازدانی ئەم چالاکییە گرنگیدانە بە پاراستنی زمان، فەرهەنگ، و کەلەپووری دەوڵەمەندی پێکهاتەی تورکمان، هاوکات نیشاندانی ڕۆڵی مێژوویی و ڕۆشنبیریی ئەم پێکهاتەیە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا.