هەولێر …. پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بە بۆنەی پانزدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دانیال میتران کرایەوە

هەولێر …. پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بە بۆنەی پانزدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دانیال میتران کرایەوە

هەولێر ….
پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بە بۆنەی پانزدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دانیال میتران کرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22.11.2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان،ئێمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتی فەڕەنسا لە هەولێر، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، محەمەد دڵشاد بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان، پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی بە بۆنەی پانزدەهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دانیال میتران، لە گەلەری مەحمود لە شاری هەولێر، کرایەوە.
لە پێشانگایەکەدا کەوا هەنگاوێکی هونەری و ڕۆشنبیری بوو بۆ زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی کەسایەتییەکی ناسراو، چەندین وێنەی ئەرشیفی دانیال میتران نمایشکرابوون، کە گوزارشتیان لە ساتە مێژووییەکانی داکۆکی کردنی لە دۆزی کوردو کاری مرۆیی لە پێناو هاوڵاتیانی کوردستان دەکرد، ئەوەش لە ڕێگەی زمانی وێنە و هونەری فۆتۆگرافییەوە؛ پیشانگایەکە هەروەها دەرفەتێکە بوو بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی هونەر لە پاراستنی بیرەوەرییە مێژوویی و مرۆییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان.

ئامادەبووان بە سەیرکردنی بەرهەمە فۆتۆگرافییەکانی پێشانگاکە، ڕێزیان لە یاد و خزمەتەکانی دانیال میتران گرت، هاوکات گرنگی بەردەوامی ئەم جۆرە چاڵاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییانەیان خستەڕوو.

شایه‌نی باسه‌، دانیال میتران یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیاره‌كانی فه‌ره‌نسا كه‌ به‌دایكی كورد ناسرابوو ڕۆڵێکی مرۆڤدۆستانەو گرنگی لە پشتگیریکردنی دۆزی کورد و ناساندنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبوو.
گرنگیی ئەو بۆ دۆزی کورد تەنها لە هاوسۆزییەکی مرۆڤدۆستانەدا نەبوو، بەڵکو لە هەوڵ و چاڵاکییە بەردەوامەکانی بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، ناساندنی ئازار و قوربانییەکانی و پشتیوانی لە مافی چارەنووس و ناسنامەی کوردی دەردەکەوت.