بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، کتێبى (جمال عەلەمدار) یەکەمین هەولێرى لەسوید بڵاوكرایهوه
پارێزگارى هەولێر: "هەولێر ئەو شارە مێژووییەى کە خاوەنى کهللتور و ئەدەب و هونەرێکى گەورەیە، چیدیکە لە کەس قەبوڵ ناکەین بڵێت هەولێر لەوبوارەدا دواکەوتووە، هەولێر لەڕابردوو و لەئێستاشدا لەبوارى کەللتوور و هونەر و فەرهەنگدا لەپێشى زۆر جێگاى دیکەوە دەبینرێت".
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەمە 2021.11.25، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن و بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە نووسەر و هونەرمەند و ئەدیبان و شاعیران و ڕۆژنامە نووسان، لەڕێورەسمێکدا، وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر بەهەماهەنگى پارێزگاى هەولێر، ڕێورەسمێکى بۆ بڵاوکردنەوەى کتێبى (جمال عەلەمدار) یەکەمین هەولێرى لەسوید، بۆ نووسەر و شێرزاد هەینى سازدا.
لەڕێو رەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لەنووسەر بۆ هەوڵ و ماندووبوونى لە نوسین و بڵاوکردنەوەى یادەوەرییەکانى (جمال عەلەمدار) یەکەمین هەولێرى لەسوید، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و ڕایگەیاند: "ئەو ڕێورەسمەى ئەمڕۆ ڕێزلێنانە لە کەسایەتییەک کە یەکەمین هەولێرییە لەسوید کە زۆربەى وێستگەکانى ژیانى خۆی پێشکەش بە ئازادى کردووە، لەناوەڕۆکى کتێبەکەشدا بەدیار دەکەوێت کە ئەم پیاوە گەورەیە چ دونیا بینیەکى گەورە و روحیەتێکى بەرگریکارانەى هەبووە لەپێناو مانەوەى گەلى کوردستان، کاک شێرزاد هەینیش وەکو نووسەرى کتێبەکە و نووسەرێکى هەولێر و کوردستان بەتەقدیرەوە لەکارەکانى دەڕوانین و دڵنییان ئەو بەرهەمەشی وەکو بەرهەمەکانى ڕابردووى دەبێتە مایەى سەنجى خوێنەران".
پارێزگارى هەولێر هەروەها وتى: لەم ماوەیەدا چەندین جموجوڵى هونەرى و فەرهەنگى و کەللتورى لەشارى هەولێر دەست پێکراوە، هەولێر ئەو شارە مێژووەیەى کە خاوەنى کەللتور و ئەدەب و هونەرێکى گەورەیە، چیدیکە وەکو پارێزگا و وەکو حکومەت لەخۆمانى قەبوڵناکەین بگوترێت هەولێر ئێستا هیچ جموجوڵ و چالاکییەکى کەللتوریى و ئەدەبى و هونەریى تێدانییە، یان بگوترێت لەوبوارەدا دواکەوتووە، ئەگەر ئەوە لەخۆمان قەبوڵى نەکەین، ئەوا بێشک چیدیکە لەکەس دیکەش قەبوڵناکەین ئەو ناونیشانە بدات بە هەولێر، دەبێت زانستیانە و بەدیراسە و بسەلمێندرێت کە هەولێر لەبوارى کەللتوور و هونەر و فەرهەنگدا لەڕابردوودا لەکوێ بووە و ئێستاش لە کوێیە، کە بەدڵنییایەوە هەولێر لە پێشى زۆر جێگا دەبینرێت، چەند ڕۆژى داهاتوو دیراسەیەکى مێژووى دەیسەلمێنێت کە دەستپێکى هونەر شانۆى کوردى لە کوردستان لەهەولێر بووە، بەمبۆنەیەشەوە لەمەراسیمێکدا یادى 100 ساڵەى دەستپێکردنى شانۆى کوردى لە شارى هەولێر دەکەینەوە، ئەوە جگە لەوەى لەبوارى هونەرى گۆرانى و موزیک و شیعر و ئەدەب و هەبوونى نووسەر و قەڵەم بەدەست، هەولێر هەمیشە لە پێشەنگدا بووە و هەر بەو پێشەنگیش دەمێنێتەوە".