لەهەولێر، ماراسۆنی ئومێد، بۆ پاڵپشیکردن لە تووشبووانی شێرپەنجە بەڕێوەچوو
شەمە 2021.11.27، بەبەشدارى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندى هەولێر و دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و نەزمی حەزووری، کۆنسۆڵی فەڵەستین لە هەولێر، لەژێرناونیشانى (وەرزش دەکەین، ئومێد دەبەخشین) ڕێکخراوى هەولێر ماراسۆن، سێیەمین ماراسۆنی (ڕاکردنى ئومێد)ى بۆ پاڵپشیکردن لە تووشبووانی شێرپەنجە لە هەولێر ئەنجامدا کە زیاتر لە 700 کەس جگە لە راکەرانی کوردستان، قوتابیانى بەشێک لە قوتابخانەکان و چەندین راکەر لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا بەشدارییان لەمارەسۆنەکرد کە ماوەکەى سێ کیلۆمەتر بوو و داهاتی ماراسۆنەکەش بەخشرا بە نەخۆشخانەی نانەکەلی، تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى مارەسۆنەکە و بەشداربووانى، سەبارەت بە ماراسۆنەکە ڕایگەیاند " ئەمرۆ پایتەختى هەرێمى کوردستان هەولێر یەکێکێکى دیکەى لە جوانەیەکانى بە شەقامەکانى بەخشى، بەسازکردنى ئەم ماراسۆنە کە بۆ پشتیوانیکردنی تووشبووانی شێرپەنجەیە، بەخۆشحاڵییەوە بۆ پشتیوانى کردن لە بزافى وەرزشى لە شارەکەمان و پاڵپشتیكردن و بەخشینی ئومێد بە تووشبووانی شێرپەنجە لەگەڵ چین و توێژەکانى شارەکەمان بەشداریمان لەم ماراسۆنەدا کرد، جگە لەوەش وەرزشی بە کۆمەڵ بەشێکە لە هۆشیاری کە تاک هاندەدات رۆژانە وەرزش بکەن، ئەو ئارامیەشی لە هەولێر هەیە وایکردووە، خەڵکی بیانی و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەش بەشداری لەم مارەسۆنە بکەن."
لەکۆتایشدا دواى تەوابوونی ماراسۆنەکە، لە لایەن پارێزگاری هەولێر و وەزیرى تەندروستى و قائیمقامی ناوەندى هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیى تەندروستیی هەولێر، براوەکانی ماراسۆنەكە خەڵات كران.
جێگەى باسە، ماوەی سێ ساڵە لە هەولێرى پایتەخت بۆ پاڵپشتیكردن و بەمەبەستی بەخشینی ئومێد بە تووشبووانی شێرپەنجە، ماراسۆنی ڕاكردنى ئومێد بەڕێوە دەچێت و داهاتی ئەو ماراسۆنەش دەدرێت بە نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە.