لەهەولێر، فیستڤاڵى ڕوانین بۆ هاریکارى و یارمەتیدانى منداڵانى بێسەرپەرشت ئەنجامدرا
شەمە 2021.11.27، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر، لەهۆڵى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر، لەژێرناونیشانى (ببە بەسەرپەرشتی منداڵە بێ سەرپەرشتەکان) ژمارەیەک لە لاوان و گەنجانى خۆبەخش، دووەمین فیستڤاڵى هونەرى (ڕوانیان)یان ئەنجامدا کە داهاتى فیستڤاڵەکە پێشکەش بە منداڵانى بێسەرپەرشت دەکرێت.
لەفیستڤاڵەکەدا، کە هەریەک لە زانا مەلا خالید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان و کەنعان خەیلانى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و لاوان و گەنجان ئامادەى بوون، چەندین چاڵاکى هونەرى موزیک و گۆرانى و نمایشکردنى شانۆگەریەک و پێشانگایەکى شیوەکارى پێشکەشکران.
لەبارەى فیستڤاڵەکەشەوە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى میوانان بەتایبەتى ئەوانەى لەشارەکانى ترى کوردستان و عێراق ئامادەى فیستڤاڵەکە ببون، دەستخۆشى لەو کۆمەڵە گەنج و لاوە کرد کە هەڵساون بەئەنجامدانى ئەو کارە مرۆییەى و هیواى سەرکەوتنى بۆخواستن و ڕایگەیاند: "بەیانى ئەمڕۆ لەهەولێرى پایتەخت ماراسۆنێکى ئەنجامدارا بۆ پاڵپشتیكردن و بەخشینی ئومێد بە تووشبووانی شێرپەنجە و داهاتی ئەو ماراسۆنەش پیشکەش بە نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجەکرا، ئێوارەى ئەمڕۆش ئەم فیستڤاڵە لەهەولێر ئەنجامدەدرێت بۆ منداڵانى بێ سەرپەرشت کە بەهخەمانشێوە داهاتەکەى بۆ منداڵانى بێ سەرپەرشتە، ئەوە واتاى ئەویە کە کارى بەخشین و خۆبەخشى لە نێو کۆمەڵگاى ئێمە و گەنج و لاوان بنەمایەکى سەرەکى و تێروانێنێکى نیشتیمانى و تێگەیشتنێکى بەرپرسیارانەى هەیە، هەروەها نیشاندەرى ئەوەیە کە لاوان و گەنجانى ئێمە جگە لەخواست و داخوازی و داواکارییەکانیان لەبەرامبەردا بوونەتە داینەمۆى بەخشینن، ئەوە کارەى ئەمڕۆش ئەنجامیانداوە کارێکى گەورەی مرۆییە و وەکو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتى و پشتیوانى ئەم جۆرە کارە خێرخوازیانە دەکەین و دەستخۆشیان لێ دەکەین".