بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى پەرەپێدان لە عەنکاوە دانرا
بە گوژمەى (1 ملیار و 30 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى پەرەپێدان لە عەنکاوە دانرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2022.12.27، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و رامى نورى، قائیمقامى عەنکاوە و سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى ناوچەکە، بە گوژمەى (1 ملیار و 30 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەى (قۆناغى دووەمى دانانى کربستۆن و دروستکردنى ئاوەڕۆى لولەیی بۆ کەرتى 132ى عەنکاوە و دروستکردنى ئاوەڕۆ و شەقامى شارۆچکەى عەنکاوە) داندرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى سنوورى قەزایی عەنکاوە، ڕایگەیاند: " تەئکید لە گرنگیدانى حکومەتى هەرێم و پشتیوانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ قەزایی عەنکاوە دەکەینەوە، ڕاشدەگەێنین دواى ئەوەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیدا لە سەر خەرجکردنى (5 ملیار و 800 ملیۆن دینار) بۆ ئەنجامدانى چەند پڕۆژەیەکى گرنگى قەزایی عەنکاوە، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بەردى بناغەى ئەو پڕۆژانەش دادەنرێت".
گوتیشى: "جگە لەو پڕۆژانەى کە بۆ ئەم ساڵ لە سنوورى ئەم قەزایە ئەنجامدراوە، بۆ ساڵى ئایندەش لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بودجەى تایبەتى پارێزگا و داهاتى 15% بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانیەکان، ئاوڕى جیدتر و باشتر لە قەزایی عەنکاوە دەدەینەوە".