بەردی بناغەی دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستیی لەگەڕەکى فەرمانبەران داندرا
بە گوژمەى زیاتر له (650 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستیی لەگەڕەکى فەرمانبەران داندرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2022.12.27، بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و د.دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستی هەولێر و جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى4، بە گوژمەى (657 ملیۆن و 190 هەزار دینار) لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنی بنکەی تەندروستی جۆرىB لە گەڕەکی فەرمانبەران داندرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت و ماوەى پڕۆژەکەش (280) ڕۆژە.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکى فەرمانبەران، ڕایگەیاند: "گەڕەکى فەرمانبەران یەکێکە لە گەڕەکە گرنگەکانى شارى هەولێر، کە ئەم ساڵ بە شێوەیەکى فراوان چەندى پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى لێ ئەنجامدراوە، لەئێستاشدا بە چەند مەترێک دوورتر لەم پڕۆژەیە شەقامێکى ستراتیجى 60 مەترى ئەو گەڕەکە کە زیاتر لە 2 کیلۆمەتر و نیوە و شەقامى 120 مەترى و شەقامى کۆرنیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە کارى تێدادەکرێت، ئەوە جگە لە قیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆیەکانى دیکەى گەڕەکەکە".
گوتیشى: "لەهاوینى ڕابردووشدا گەڕەکى فەرمانبەران یەکێک بوو لەو جێگایانەى کە بەهۆى ووشکەساڵییەوە چەند گرفتێکیان هەبوو، بەلێدان بیر گرفتەکانیان بۆ چارەسەرکرا، ئەو بنکە تەندروستییەى کە ئەمڕۆش بەردى بناغەى دانرا بەهیواى ئەوین لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا تەوابکرێت و بکەوێت خزمەت هاوڵاتییانى ئەو سنوورە".