پارێزگاری هەولێر بۆ ئاسایشی بازگەکان: "بازگەکان نیشاندەری سیمای جوانی شارەکەمانە، لە میوان دۆستی و خۆشەویستی"

پارێزگاری هەولێر بۆ ئاسایشی بازگەکان:

پارێزگاری هەولێر بۆ ئاسایشی بازگەکان: "بازگەکان نیشاندەری سیمای جوانی شارەکەمانە، لە میوان دۆستی و خۆشەویستی"

ئەمڕۆ هەینی 2022.12.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە ڕوو لە پایەتختی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی بازگەکانی هەولێر و ئەفسەرانەوە پێشوازی لێکرا.

پارێزگاری هەولێر دوای بەسەرکردنەوەی سەرجەم ئەو ڕێوشوێن و ڕێکارانی دەستنیشان کراون بۆ پێشوازییکردن لە میوانان و گەشتیاران، دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی بەڕێوەبەری ئاسایشی بازگەکان و کارمەند و ئەفسەرانی كرد لە بەرانبەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، هەروەها تەئکیدی لەوەکردەوە، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێر، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، ئاسانکاریان بۆبکرێت.

گوتیشی: "بازگەکان نیشاندەری سیمای جوانی شارەکەمانە لە میوان دۆستی و خۆشەویستی، بۆیە تا دەتوانن لە پێشوازیکردنی میوانان و گەشتیاران ڕێز لە هەموو ئەو هاوڵاتیی و گەشتیار و ئەوخەڵکانە بگرن کە دێنە نێو هەولێری پایتەخت.