بەردی بناغەی پڕۆژەى قیڕتاوکردنى چەند شەقامێک لەسنوورى سەرۆکایەتى شەقڵاوە دانرا
به گوژمهى زیاتر لە (400 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی پڕۆژەى قیڕتاوکردنى چەند شەقامێک لەسنوورى سەرۆکایەتى شەقڵاوە دانرا
ئەمڕۆ شەممە 2022.12.31، لهژێر چاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، له ڕێورهسمێكدا به گوژمهى (440 ملیۆن و 625هەزار دینار) لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر،بەردی بناغەی پڕۆژەى قیڕتاوکردنى چەند شەقامێک لە سنوورى سەرۆکایەتى شەقڵاوە دانرا، کە بەشێوەى بەڵێندارایەتى جێبەجێدەکرێت و ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش (90) ڕۆژە.
لەرێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نزار مەلا غەفار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی لقی24 سفینی پارتی و کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزایی شەقڵاوە و جێگرى بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى شەقڵاوە ئامادەى بوو، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى سنوورى قەزایی شەقڵاوە، تیشکى خستە سەر ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى کە لەم ساڵدا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و بۆ ساڵى ئایندەش لە پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر دایە دەست بکرێت بە ئەنجامدانى پڕۆژەى دیکەى خزمەتگوزاریى و ڕایگەیاند: "ئومێد دەکەین دۆخى دارایی باشتر بێت و بودجەى پێویستمان لە بەردەست بێت تاکو بتوانین خزمهتگوزاریى زیاتر و باشتر پێشكهش به قەزایی شەقڵاوە و قەزا و ناحییەکانى دیکەى سنوورى پارێزگاکەمان بکەین".
پارێزگارى ههولێر گوتیشى: "لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەی شار پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدەدەین، خواستى ئێمە ئەوەیە خزمەتى زیاتر پێشکەش بە سەرجەم گەڕەکە هەژارنشین و کۆمەڵگا و ناحییە و قەزا و گوندەکانى سنوورى پارێزگاکەمان بکەین و دەستى ئاوەدانی بگەێنین بەهەموو ئەو شوێنانەى کە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەى زیاتر هەیە".