ئومێد خۆشناو: ده‌ست به جێبه‌جێكردنی به‌شی چواره‌می شه‌قامی 150 مه‌تری ده‌كه‌ین
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە پلاندایە بەشی چوارەمی شەقامی 150 مەتری لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سێ بەشی شەقامی 150 مەتری تەواوبوون و لە پلاندایە کە بەشی چوارەمی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکات.
شه‌قامی بازنه‌یی 150 مەتریی هەولێر، یه‌كێكه له ستراتیژیترین پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، درێژیی شه‌قامه‌كه 70 كیلۆمه‌تره. هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی نزیكه‌ی 20 مه‌تر پانه و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن به ته‌نیشت یه‌كه‌وه له‌سه‌ری رێبکەن، بۆ هه‌ر سایدێكیش شاڕێیه‌كی خزمه‌تگوزاری له ته‌نیشتیدا دروست ده‌كرێت. پرۆژەکە له پێنج قۆناخ پێكدێت، ئێستا سێ قۆناخی تەواو بووە.
لە 26-09-2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری دانا. شه‌قامی 150 مه‌تریی ده‌بێته شه‌شه‌مین و دواهه‌مین شاڕێی بازنه‌یی به‌ده‌وری هه‌ولێر، شه‌قامكی خێرایه و ناحیه‌كانی بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، داره‌توو، به‌حركه، کۆمەڵگەی مه‌لائۆمه‌ر و رێگای گوێڕ و قۆریتان و سه‌ركارێز به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
له هه‌ردوو لای راست و چه‌پی شه‌قامه‌كه، شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه كه پانیی هه‌ر شه‌قامێكیان 23 مه‌تره و دوو سایدیشه. لەم قۆناخەدا چوار پردی سه‌ره‌كی هەن كه دوو پردیان بۆ سووڕانه‌وه‌یه له چوارڕیانی هه‌ولێر كۆیه و دوو پردیشیان بۆ سوڕانه‌وه و گۆڕینی ئاڕاسته‌یه. هەر لەم قۆناخەى پرۆژەکەدا 13 ئاوبه‌ری سندووقیی جۆراوجۆر هەن، ئه‌مه جگه له دیواری پاڵپشتیی كۆنكرێتی و ته‌واوی بڕگه‌كانی كه پێویسته له دروستكردنی رێگاکەدا هه‌بێت وه‌ك هێماكان و په‌رژینی خۆپاراستن و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوی رێگاكه.
لە ماستەرپلانی هەولێردا، جگە لە شەقامی بازنەیی 150 مەتری، شەقامی بازنەیی 200 مەتریش هەیە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: "دوای تەواوبوونی 150 مەتری، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی 200 مەتریش دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیار نییە."