بهڕێوهبهری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر: لەکاتێکی نزیکدا تاسە ناپێویستەکانی هەولێر ههڵدهگیرێن
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، بۆیاخکردنی شەقامەکان لە کەرتی تایبەت وەرگیراوەتەوە و ئیدی حکومەت خۆی ئەو کارە ئەنجام دەدات، ئاماژە بەوەش دەکات، "لیستێکی تاسە ناپێویستەکانی هەولێرمان لایە و لەکاتێکی نزیکدا هەڵیان دەگرین." لەبارەی کێشەی گەورەیان لەگەڵ شۆفێران گوتی، "شکاندنی فسفۆڕی شەقامەکانە."
دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، کاری سەرەکیی ئەوان پێکدێت لە رێکخستنەوەی شەقامەکان و کەمکردنەوەی خێراییە بە دانانی تاسەی پلاستیکی، لەگەڵ دانانی هێما و رێکخستنی ترافیکلایتەکان و پاراستنی سەلامەتیی خەڵک لە شەقامە دەرەکییەکان، لەگەڵ شوشتنی هێماکان بۆئەوەی بە تەواوی دیاربن. دەشڵێت، بە ستانداردی جیهانی و وەکو هەموو وڵاتان هەموو هێما و پێویستییەکانی هاتووچۆ لە کوردستان دابینکراوە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر ئاشکرای دەکات، هێڵکاریی شەقامەکان پێشووتر لەلایەن کۆمپانیا نێوخۆیی و بیانییەکانەوە جێبەجێ دەکرا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا لەمەودوا بگەڕێتەوە ئەندازەی هاتووچۆ و "تیمەکانی خۆمان ئەو کارە ئەنجام بدەن، بۆ ئەمەش چەندین ئامێرمان بۆ دابین کراون و دابەشکران بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بۆیاخ کرد بۆ دابینکردنی باشترین جۆری بۆیاخ و کۆلێتییەکەی بەرز بکەین لەگەڵ دامەزراندنی 80 کەس بە گرێبەست کە هەموویان دەستی کاری نێوخۆن تاوەکو کاری بۆیاخکردن ئەنجام بدەن."
لەبارەی ئامێرە دابنیکراوەکان، دیلان عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، ئامێرە نوێیەکان کارەکان بە خێرایی ئەنجام دەدەن و پێویست بە داخستنی شەقامەکان بۆ ماوەیەکی درێژ ناکەن، کارەکان خێراتر ئەنجام دەدرێن، هەروەها تەمەنی بۆیاخەکەش درێژترە، چونکە بۆیاخەکە ئەستوورترە لە بویاخەکەی پێشووتر.
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر گلەیی لە شۆفێران دەکات و دەڵێت، زۆربەی شۆفێران پابەندی هێماکانی هاتووچۆ نین، زۆربەی ئەو سپرانگانەی کە شەقام دەکەنە دوو ئاراستەیی و لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر دانراون، لێدراون؛ چاکناکرێنەوە و پێویستە نوێ دابنرێتەوە، "ئێمە لە هەوڵداین لەو شوێنانەی کە پێویستە، دووبارە دایبنێینەوە. زۆربەی کارەکان ئێستا لەلایەن حکومەت خۆیەوە ئەنجام دەدرێن و ئەو کارانەی کە کۆمپانیاکان ئەنجامی دەدەن لە رێگەی راگەیاندنی ئاشکراوە ئەنجام دەدرێن."
گەورەترین کێشەی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر لەگەڵ شۆفێران، وەکو دیلان عەبدوڵڵا دەڵێت، "شکاندن و لەنێوبردنی فسفۆڕی شەقامەکانە، کە شوفێران بەسەری دەکەون و نایانپارێزن."
لەبارەی دانانی پردی پەڕینەوە لە شەقامەکان دیلان عەبدوڵڵا گوتی، بەپێی خێرایی و فراوانیی شەقامەکان بڕیار دەدرێت کە ئایا شوێنەکە پێویستی بە هێڵکاریی پەڕینەوەیە یاخود پرد، لەو شوێنانەی کە پەڕینەوەی هاووڵاتییان تێیدا زۆرە و خێرایی رێگەپێدراو سەرووی 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، پێویستە پردی پەڕینەوە هەبێت و بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە هاووڵاتی بە پیادە بپەڕێتەوە.
بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییان بەرزە پردەکان بەکارناهێنن بۆ پەڕینەوە لە شەقامە گشتییەکان، دیلان عەبدوڵڵا دەڵێت، بەو هۆیەوە "ئێمە ناچاربووین نێوان شەقامەکان لە هەندێک شوێن پەرژین بکەین بۆئەوەی هاووڵاتییان پابەند بن و پردەکان بەکاربێنن. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان رۆشنبریی هاتووچۆ لە ئاستی پێویست نییە و خەڵک بە باشی پابەندی رێنوێنییەکان نابن."
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، هێماکانی هاتووچۆ خەرجییەکی زۆری پێویستە و حکومەتیش بودجەیەکی باشی بۆ تەرخانکردووە.
لەبارەی دانانی تاسەوە دیلان عەبدوڵڵا دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ دانان یاخود هەڵگرتنەوە تاسەکان، لەو شوێنانەی کە پێویستە تاسە دابنرێت لە رێگەی ئەو لیژنەیە رەزامەندی دەدرێت کە ئایا پێویستە یاخود نا، "هەر گەڕەک و لایەنێکیش دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات و ئێمەش لە رێگەی ئەو لیژنەیە بڕیار دەدەین ئایا پێویستە یان نا. لەپێش قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوت کە پێویست بێت تاسە دادەنێین، بەڵام بەداخەوە زۆر تاسە بە نایاسایی و بەبێ ئێمە دانراون."
لەبارەی سزای ئەو کەسانەی تاسە بەبێ رەزامەندی دادەنێن دەڵێت، هیچ سزایەک نییە بۆ ئەو کەسانە، "لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بڕیار دراوە لەگەڵ شارەوانی هەماهەنگی بکرێت و، هەر تاسەیەک کە پێویست نییە هەڵبگیرێت، لیستێکمان لەلایە لەبارەی ئەو تاسانەی پێویست نین و لە کاتێکی نزیکدا هەڵیان دەگرین. دوو جۆر تاسەمان هەیە، پلاستیکی و کۆنکرێتی، بەڵام زیاتر کار بە پلاستیکی دەکەین، چونکە ئاسانترە بۆ دانان و چاککردنەوە، لەو شەقامانەی هاتووچۆی زۆر و بەتایبەت بارهەڵگری لەسەرە، تاسە پلاستیکییەکان بەرگەی ناگرن، بۆیە ناچارن کە تاسەی کۆنکرێتی دابنرێت."
لەبارەی کێشەی ترافیکلایتەکان، دیلان عەبدوڵڵا گوتی، هەندێک کێشە هەن، بەڵام ئەوان بەردەوام چارەسەریان دەکەن، کێشەی ترافیکەکان کێشەی کارەبایە کە بەردەوام نییە و پشت بە چەند سەرچاوە دەبەستێت، "بەڵام بەم دواییانە دوو ترافیکلایتمان وەکو تاقیکردنەوە داناون، کە بە تیشکی خۆر کار دەکەن، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبێنێت رەنگە لە داهاتوودا زۆربەی ترافیکلایتەکان بکەینە ئەوانەی بە وزەی خۆر کاردەکەن. هەروەها تیمێکی تایبەتمان هەیە بە شوشتنی هێما و هێڵەکانی شەقامەکان کە بەردەوام خاوێنیان دەکەنەوە بۆئەوەی بەباشی ببینرێن."
کارەکانی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر 2022:
- 330 کیلۆمەتر هێلکاری
- 5000 فسفۆڕی نوێ
- دانانی 1300 هێمای نوێ
- 220 هێما چاککراونەتەوە
- چاککردنەوەی گاردرێل شەقام 7000 مەتر
ژمارەی هێماکانی هاتووچۆ لە هەولێر:
ترافیکلایت: 55
هێمای بچووک: 27000
هێمای گەورە: 300
گاردرێل: 103 کیلۆمەتر
هێڵکاری: 2.125 ملیۆن مەتر
سهرچاوه: رووداو