بههۆی بوومهلهرزهكهی توركیاوه حكومهتی ههرێمی كوردستان چهند رێنماییهك بڵاودهكاتهوه
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای زنجیرە بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆتاییهاتنی بوومەلەرزەکە بە مانای کۆتاییهاتنی مەترسییەکە نییە.
رێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کاتی روودانی بومەلەرزە، لە باڵەخانەکاندا:
1- کاتێک هەست بە بوومەلەرزە دەکەیت لەکاتێکدا لەناو ژوورێک یان باڵەخانەیەکی بەرزدایت، پەنا ببە بۆ ژێر پارچە مۆبیلیاتێکی ئەستوور یان پتەو.
2- ئەگەر ناتوانی خۆت بشاریتەوە، خۆت لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا بچەسپێنە و هەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە.
3- ئاگاداری کەوتنی سەقف و هەڵواسینی دیوار بن.
4- ئاگاداری ئەو شتابەبن کە لە رەفە بەرزەکاندا دانراون و رەنگە بکەونە خوارەوە.
5. ئاگاداری داڕمانی سەقفی لاوەکی بن.
6- هەوڵبدە هەندێک شتی پارێزەر بخەیتە سەر سەرت.
7- ئاگاداری رۆیشتن بن لەسەر پردە هەڵواسراوەکان کە بیناکان بەیەکەوە دەبەستنەوە.
8- خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی بەرزکەرەوە و باشترە قادرمە بەکاربهێنرێت لە پرۆسەی چۆڵکردندا.
9- نەگەڕانەوە بۆ ناو باڵەخانەکان دوای تێپەڕبوونی بوومەلەرزەکە، مەگەر دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی باڵەخانەکان.
رێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کاتی روودانی بومەلەرزە، لە ماڵەکاندا:
1- لە ماڵەوە دەربچن.
2- ئەگەر ناتوانی بچیتە دەرەوە هەوڵبدە بە پارچە مۆبیلیاتە گەورە و بەهێزەکان خۆت داپۆشیت.
3- بە گۆشەیەکی ژوورەکە یان دیوارەکانەوە خۆت بپارێزە و هەوڵبدە لە پەنجەرەکان دوور بکەویتەوە.
4- دوور بکەوەرەوە لە کەوتنی سەقف وکەلوپەل.
5- دوور بکەوەرەوە لە کەوتنە خوارەوەی کەرەستە لە ڕەفەکان.
6- ئاگاداری کەوتنی سەقفی لاوەکی بن.
7- هەوڵبدە هەندێک شتی پارێزەر بخەیتە سەر سەرت .
8- نەگەڕانەوە بۆ ناو باڵەخانەکان دوای تێپەڕبوونی بوومەلەرزەکە، مەگەر دوای دڵنیابوون لە سەلامەتی باڵەخانەکان.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش نزیکەی 50 پاشلەرزە روویاندا، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 70 کەس لەو شارانە گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
بومەلەرزەی سەرەتا لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر هەستی پێکرا و، بەشێك لە هاووڵاتیان لەترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزە لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.
زنجیرە بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، باکووری سووریاشی گرتەوە، وەزارەتی تەندروستی سووریا لەوبارەیەوە رایگەیاند، لانیکەم 111 کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە سووریا گیانیان لەدەستداوە.