بەهای دۆلار راگەیەندرا
رۆژی دووشەممە 6-2-2023، کاژێر 10:40ـی بەیانی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی دراو، بەهای 100 دۆلار 166 هەزار و 250 دینار بوو، "بەڵام ئێستا 166 هەزار دینارە، هەروەها 100 دۆلار بە چوار ملیۆن و 480 هەزار تمەنە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر گوتیشی، چاوەڕوانن بزانن ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق چەند دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، چونکە دوای خستنە بازاڕ، گۆڕانکاری بەسەر نرخدا دێت.
گوتیشی " ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک رێککاری دیکە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بگرێتەبەر، ئەوە پێشبینی دەکەین دوای 10ی ئەم مانگە، بەهای دینار بەرزببێتەوە".
زیاتر لە مانگێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، وێڕای رێککارەکانی حکومەتی عێراق و گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و چەند جارێک بەڵێندان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، تاوەکو ئەمڕۆش بەهای دینار ناجێگیرە بەجۆرێک رۆژی 2-2-2023 بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 175 هەزار دیناری تێپەڕاند.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند.