بە سەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخى خۆراک و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان ئەنجامدرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.2.6، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند، لە دیوانی پارێزگا، لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندى گشتیى هاوڵاتییان و ڕیگە گرتن لە گرانبوونی نرخى خۆراک و کەلو پەل و پێداویستى هاوڵاتییان، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخى خۆراک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و بەڕێوەبەرانى سامانى ئاژەڵى، چاودێرى بازرگانى، کوشتارگەى هەولێر، کێلگە پەلەوەرییەکان، هۆبەى ئابوورى ئامادەی بوون، گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان بەشێوەیەکى گشتیى كرا.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە بەرزى و نزمى نرخى دۆلار و کاریگەریەکانى لەسەر ڕەوشى بازاڕ و نرخى خۆراک، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "لیژنەکانى قایمقامیەتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەگەل هەڵمەتەکانى چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و دهرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو، دەبێت هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە و ڕێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نەدەن بە ئارەزووى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى تایبەت و لەسەر حسێبى قوتى خەڵک، ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە و یارى بە بازاڕ و نرخى خۆراک و کاڵان بکەن".
لەکۆتایشدا، کۆبوونەوە لە بارەى سەلامەتى و تەندروستى هاوڵاتییان جەختى لە بڕیارى پارێزگاى هەولێر کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک نابێ ڕێگا بدرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان لە بەردەم دوکان و سەر شەقامەماکان سەرببڕدرێت و بەهەموو شێوەیەک دەبێت ڕێگرى لەو کارە بکرێت، هەرکەس و لایەنێکیش سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.