زەوى بۆ (25) پڕۆژەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا
رۆژی سێ شەممە 2023.2.7، به سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێری پایتەخت، بەئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان بهرێوهچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، جەختى لە کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕایکردنى کاروبارەى هاوڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوەى لەسەر ئەو لیژنەیە پێویستە بە یەکسانى ئاسانکاریی لە ڕایککردنى داوا و داخوازى ئەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت پڕۆژە پیشەسازییەکانیان لە خزمەتى هاوڵاتییان و بوژاندنەوە و پێشخستنى کەرتى پیشەسازى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بخەنەگەڕ، بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدابن و هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان".
پاشان دواى خستنەڕوو و پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژە پیشەسازییەکان و دابینکردنی هەلیکار لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، جگە لەوەى (33) پڕۆژەى پیشەسازیى گفتووگۆى چارەسەریان لەبارەوە کرا، (40) پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەندی وەبەرهێنان کە داوای زەویان کردبوو بۆ پڕۆژەکانیان خرایە روو و لە کۆی ئەو (40) داواکارییە (15) پڕۆژهیان دواخرا بۆ دیراسە و بەدواداچوونى زیاتر و ڕەزامەندی و بڕیاری دابینکردنی زەویش بۆ (25) پڕۆژەکەى تر درا.