پارێزگاری هەولێر: لە ساڵى ڕابردوو (1086) پرۆژە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون
پارێزگاری هەولێر: "لە ساڵى ڕابردوو (1086) پرۆژە بە گوژمەى (284 ملیار و 373 ملیۆن و 295 هەزار دینار)، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2023.2.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دواى دوو ساڵ تێپەڕبوون بە سەر دەستبەکاربوونی وەک پارێزگارى هەولێر، لەبەردەم سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (105)ـی ئەنجوومەن، کار و پڕۆژەکانی ساڵى 2022 و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێری لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەم ساڵ 2023 خستە ڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى ئهوهى سوپاسى پاڵپشتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، پارێزگاری هەولێر، ڕاپۆرتێکى سەبارەت بە تەواوى ئەو پڕۆژە و کارانەى کە لە ماوەى ساڵی رابردوودا لە سنوورى پارێزگای هەولێر جێبەجێکراون لە سهر بودجەى پەرەپێدان و سەربار و لە ناکاوى پارێزگا لە سێکتەرە جیاوازەکان و جێبەجێکردنى چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیجی لە لایەن وەزارەتەکانەوە خستەڕوو، هەروەها ئاماژەى بە دروستکردنى چەنین پڕۆژەى پۆندى ئاو کرد لە ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ڕایگەیاند: "ساڵى 2021 بە گوژمەى 28 ملیار دینار چەندین پرۆژەى خزمەتگوزاریمان ئەنجامداوە کە ئەوکات ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش لەڕووى کارگێرییەوە لەسەر پارێزگاى هەولێربوو، بۆ ساڵى ڕابردووش گوژمەى پرۆژەکانمان دەتوانین بڵێین بۆتە سێ بەرامبەر، کە 4 قەزایی ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش لێى جیاوازبۆتەوە".
پارێزگارى هەولێر لهبارهى ئهنجامدانى پڕۆژه خزمهتگوزارییهكانى ساڵى 2022ى سەرجەم قەزاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریش گوتى: "لە ساڵى 2022، (132) پڕۆژەى خزمەتگوزارى بەگوژمەى (84 ملیار و 644 ملیۆن دینار) لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا جێبەجێ کراوە، هەروەها پرۆژە بەردەوام و تهوانهكراوەکانیش ئەویش ژمارەیان (45) پرۆژەبووە بە گوژمەى (24 ملیار و 608 ملیۆن دینار) جێبەجێکراون کە ئەم پڕۆژانەش بەشێک بوون لەو پرۆژانەى هی ساڵانى ڕابردوو و کاتى قەیرانى دارایی بوون مابوونەوە.
پارێزگارى هەولێر ئاشکراشى کرد، لە بودجەى سەربار و لەناکاوى پارێزگاى هەولێریش (390) پڕۆژە بەگوژمەى (14 ملیار و 89 ملیۆن و 649 هەزار دینار) جێبەجێکراون، هەروەها چەندین پڕۆژەى دیکە لەسەر بودجەى وەزارەتى ناوخۆ و داهاتى بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر جێبەجێکراون لەوانە دروستکردنى چەندین پردى پەڕینەوەى پیادە لە شەقامە سەرەکییەکانى شارى هەولێر، ئەوە جگە لە لەجێبەجیکردنى (74) پڕۆژە لەسەر داهاتى 15% سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان بە گوژمەى (15 ملیار و 502 ملیۆن و 336 هەزار دینار) کە بەشى زۆرى پرۆژەکان قیڕتاوکردن و چاککردنەوەى ڕێگاو بانەکان بوون، هەروەها لەسەر داهاتى 8%ى کارەباش (210) پڕۆژە بەگوژمەى (18 ملیار و 759 ملیۆن دینار) لەسنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراوە، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەى ووشکەسالیش بە گوژمەى (12 ملیار و 876 ملیۆن و 72 هەزار دینار) چەندین پڕۆژە ئەنجامدراون وەک لێدانى (130) بیرى نوێ و گەیاندنى کارەباى بەردەوام لەڕێگەى مولیدە ئەهلیەکانى گەڕهکەکان و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکان و قوڵترکردنەوەى بەشێکى زۆرى بیرەکان.
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "کۆى گشتیى ئەو پڕۆژانەى کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ساڵى ڕابردوودا ئەنجامدراون (1086) پرۆژەن بە گوژمەى (284 ملیار و 373 ملیۆن و 295 هەزار دینار) ئهنجامدراون".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانى لافاوەکانی ساڵانى ڕابردووش پارێزگارى هەولێر تەواوی وردەکاری چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە زیانلێکەوتووان و ئامادەکارییەکانى پارێزگاى هەولێرى بۆ بەرگرتن لە دروستبوونى لافا و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانى خستەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەن.
لە کۆتایدا پارێزگاری هەولێر، لهبارهى پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵی 2023، رایگەیاند: "بەپێى ئەو پلان و ئامادەکارییە لە پارێزگاى هەولێر بۆ پڕۆژەکانى ئەم ساڵ 2023 کراوە، چەندین پڕۆژە دیکەى خزمەتگوزارى لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ دەکەین".
پاشان دەرفەت بە ئەندامانى ئەنجومەن درا بۆ پرسیاركردن و خستنهڕووى سەرنج و تێبینیەکانیان و لەلایەن بەڕێز پارێزگارى هەولێر وەڵامی پرسیار و تێبینى و سەرنج و پێشنیارەکانیان درایەوە.