پارێزگارى هەولێر: "لە ژێر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کەمپینی هەولێر بۆ هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیا و سوریا رادەگەێنین"
ئێوارەى چوارشەممە 2023.2.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە ڕاگەیاندنى کەمپینى هاریکارى زیانلێکەوتانى بومەلەرزە وێرانکەرەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا، کە بەهۆیەوە جگە لە زیانى مادیى زیانى گیانیشى لێکەوتەوە، لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: "بەرنامه ی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیران بەرێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا بریاری کەمپینێکی بەرفراوانی کۆکردنەوەی کۆمەك و هاوکاری بۆ زیان لێکەتووانی تورکیا و سوریا، باکوری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان درا دوای ئەوەی لە کۆبوونەوە بریار درا دەسەڵات بە پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بدرێ بەمەبەستی راگەیاندنی کەمپین هەریەک لە سنووری خۆی کەمپینەکە رابگەێنن".
گوتیشى: "ئێوارەی چوار شه ممه لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ بەرێزان جێگری پارێزگا و قائیمقامی ناوەندو ناوەند و قەیرانەکانی پارێزگا و گفتوگۆکردن لەگەل فەرمانگە پەیوەندارەکانی دیکە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا ئێستا لە رێگەی میدیاکانەوە کەمپینی هەولێر وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان رادەگەێنین، بە هیوای ئەوەی خەڵکی هەولێر کە هەمیشە بەخشندە و میهرەبانە لەم کارەساتە بتوانین لە رووە مرۆییەوه کۆمەکی زیان لێکەوتووان بکەین، هیوادارین بتوانین یارمەتی زیان لێکەتوان بدەین، بە خۆشحاڵیەوە هەرێمی کوردستان یەکەم شوێن بووە لە نێو هەموو وڵاتان دوای ئەو کارەساتەی روویدا یەکەم کاروانی مرۆیی دەربازبوون لە سنوور و ئێستا لە شوێنی کارەساتەکەن و لە خزمەتی ئەو لێقەوماوانە دان".
پارێزگارى هەولێر، لەوبارەیەشەوە ئاشکراى کرد، هەر لەم چوار چێوەیەدا بۆ گرتنە بەری رێکاری پێویست و گەیاندنی ئەو کۆمەکانە و مامەلە کردنە لەگەڵ دوو دەوڵەت، کە ئەمەش پێویستی بە رێو شوێنی یاسایی هەیە و هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ گەیاندنی کۆمەکەکان، ئێوارەی چوار شه ممه لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە سەرپەرشتی بەرێز وەزیر ناوخۆ کۆبوونەوەیەك لەگەڵ ناوەندی قەیرانەکان بەرێوەچووە و رێوشوێنەکان گیراوەتە بەر، ئێمەش ئێستا کەمپینی هەولێر رادەگەێنین و چەند بڕیاڕێکمان داوە، بەمشێوەیە:-
یەکەم/ دەسەڵات درا بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ ئەوەی کەمپینەکەمان لە سنووری پارێزگای هەولێر فراوانتر بێت و تەنها سەنتەری شار نەگرێتەوە بۆیە دەسەڵاتیان پێدرا تاوەکو کەمپینی نوێ لە سنوری قەزاکان رابگەێنین و دوای کۆکردنەوەی کۆمەکیەکان هەمووی لە ناوەندی قەیرانەکان کۆ دەکرێنەوە.
دووەم/ لە سەنتەری شار لە سبەینێوە لە پێش پارکی شانەدەر خێوەت هەڵدەدرێ و هاوڵاتیان دەتوانن یارمەتییەکانی خۆیان بگەێننە ئەو شوێنە، هەر ئەمشەویش ناوەندی قەیرانەکان ئامادەکاریەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
سێیەم/ رەنگە خەڵکێکی زۆر لە هاوڵاتیان و خوا پێداوان و کۆمپانیاکان یامەتییەکانی خۆیان لە پارە بگەێننە، بۆیە دەتوانن لەرێگەى ژمارە حیسابی تایبەت بانقی منارە (508) بگەێنن.
چوارەم/ بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرێوبەرایەتی ئەوقافی هەولێر و یەکێتی زانایان گفتو گۆدەکەین لەو روانگەوەی پیاوانی ئاینی کە هەمیشە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لەم بارەوە ئەوانیش بەشێك بن لە پرۆسەی هاندان بۆ ئەو کارە مرۆیانەیە لە رێگەی وتاری ئاینیەوە پاڵپشتی لەو کەمپینە بکەن.
پێنجەم/ ئەو کارە تەواو کارێکی مرۆڤایەتیە، پەیوەندی بە هیچ هێزو لایەنێکی سیاسیەوە نییە، بەڵکو لە دوێنیوە خەڵکێکی زۆر ئامادەیی خۆی دەڕبڕیوە بۆ هاریکاری کردن، بۆیە بەلامانەوە مەبەستە کە کارەکەمان کارێکی مرۆیی بێت، بۆیە هەر کەس و لایەن و هێزێک کە دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆیانە بەشدار بێت، پێویستە لە ژێر چەتری حکومەتی هەرێمى کوردستان بێت، چونکە وەك جەختمان لەسەر کردەوە ئەوە تەعامول کردنە لەگەڵ دوو دەوڵەت واتە رێ و شوێنی یاسایی خۆی هەیە، واتە ئەگەر لێرەش ئاسانکاری کرا، مەرج نییە لە سنووری ئەو مموڵاتانە رێگە پێدراو بێت.
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "سەرۆکی حکومەتی کوردستان ئەمرۆ لە ئەنجومەنی وەزیران باسی لهوه کردووە و هەموو رێوشوێنەکان لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان، هەروەها لە وڵاتی تورکیاوە بۆ رۆژئاوا وڵاتی سوریا رێوشوێن گیراوەتە بەر کاری پێویست ئەنجامدراوە، بۆیە داواکارین ئەو بابەتە بەلا رێدا نەبردرێ و بە سیاسی نەکرێت، چونکە ئەوە تەنها هەڵوێستی مرۆیانەی خەڵکی کوردستانە و پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، کەمپینی حکومەتی کوردستانە و کەمپینی خەڵکی کوردستانە هیوادارین هەر لەو چوارچێوەیە کۆمەکیەکان کۆبکرێنەوە بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە".
هەروەها ڕایگەیاند: "سوپاسی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت و خواپێداوان دەکەین کە لە دوێنێوە ئەوان خۆیان پەیوەندیمان پێوە دەکەن تاوەکو رێگەیان بۆ دیاری بکەین بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریەکانیان، ئێستاش بەو بەرێزانە رادەگەێنین کە لە رێگەی ئەو کەمپینەوە دەتوانن یارمەتیەکانیان بگەێنن".
لە کۆتاشدا داوای لە خەڵکی هەولێر كرد کە هەمیشە بە بەخشندەیی ناسراون رۆڵی خۆیان ببینن و هەموومان بەیەکەوە هاوکار بن و پشتیوانی ئەو کەمپینە بكهن بۆ گەیاندنی کۆمەك و هاوکاریەکانیان بۆ لێقەوماوانی ئەو کارەساتە.