لە هەولێر... توێژینەوەیەک لە بارەى چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی بومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان پێشکەشکرا

لە هەولێر... توێژینەوەیەک لە بارەى چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی بومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان پێشکەشکرا


ئەمڕۆ دووشەممە 2023.2.20، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانى پارێزگار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەران و نوێنەر و سەرۆكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە شاری هەولێر و پسپۆران و ئەندازیاران، لەلایەن بەشی پلان و بەدواداچوونی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر توێژینەوەیەکى لە بارەى چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی بومەلەرزە لەسەر باڵەخانەکان پێشکەشکرد.

لە توێژینەوەکەدا کە لەلایەن چەند مامۆستایەکى زانکۆ پێشکەشکرا تیشک خرایە سەر کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە لەسەر بینا و باڵەخانەکان و کۆنترۆڵکردنی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوەدرا کە بوومەلەرزە ڕووداوێکى سروشتى پێشبینی نەکراوە، بۆیە دەبێت پێش ڕوودانی لە دروستکردنی بینا و باڵەخانەکان ڕەچاوبکرێت و پێویستە ستراکچەرێک هەبیت بۆ دیزاین کردن و پێی کۆدی ئەو دیزاینە بیناکان بونیادبنرێت، لەزۆربەى وڵاتانیش هەر وڵاتێک کۆدی دیزاینی تایبەت بە خۆی هەیە، لە هەرێمى کوردستانیش پێویستە کۆدی تایبەت هەبێت، پاشان گفتوگۆ و سەرنجی زانستی لە نێوان ئامادەبووان و مامۆستایان ئاڵوگۆڕ کرا بە تایبەتی لە سەر یاسا و ڕێنماییەکانی مۆڵەتدان بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان، لەگەڵ چێككردنی باڵەخانەكان لە دوای هەر بوومەلەرزەیەك و ڕۆڵی دیزاین و بەكارهێنانی ماددە و كەرەستە بیناسازییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوە و كەمكردنەوەی زیانەكانی بوومەلەرزەدا.

جێگەى باسە، بە پێی نەخشەی بوومەلەرزەیی 3 ناوچە هەیە، ناوچەی سوور واتە ئەو وڵاتانەی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی مەترسیدارە، ناوچەی پرتەقاڵی واتە کاریگەری بوومەلەرزەیان لەسەرە بەڵام مەترسی کەمترە، ناوچەی سەوزیش واتە بوومەلەرزەی تیادا ڕوودەدات بەڵام سەلامەتە، هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕووی بوومەلەرزەییەوە لە ناوچەی پرتەقاڵی دایە.