پارێزگارى هەولێر: "نابێت ڕێگە بە هیچ کەس بدرێت، نەورۆز و مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزێتەوە و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران بکات"
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.3.16، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەزعەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەقید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی هاوڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان بەشێوەیەکى گشتیى كرا، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى نەورۆز و مانگى ڕەمەزانى پیرۆزەوە تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کردەوە و لێژنەی قائیمقامیەتى ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن و ڕێگە بە هیچ کەس نەدەن بەهەر بڕ و بیانوێک بێت، نەورۆز و مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بەبازاڕ بکەن و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لەسەر هاوڵاتییان گران بکەن.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە بارەى کرانەوەى خواردنگە و چێشتخانەکان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، ئاماژەى بەوەدا بە ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزە و ڕۆژووانان، چێشتخانهكان ئازادن و خۆیان ئهو بریاره لهسهر خۆیان جێبهجێ دەكهن، تەنها بەشێوەیەک ڕێز لەو مانگە پیرۆزە بگرن.
لە کۆتایشدا، دواى گفتوگۆ لە لایەن ئامادەبووانەوە لە بارەى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بەو بابەتە، جەخت لەوە کرایەوە کە لەگەل هەڵمەتەکانى چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان، هەڵمەتى پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و دهرمانى خراپ و ماوە بەسەرچوو چڕتر بکرێتەوە.