پەیامی پیرۆزبایی پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی

پەیامی پیرۆزبایی پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2723ی كوردی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی سەرجەم پارچەکانى کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بەگشتیى و هەولێر پایتەخت بەتایبەتی دەكەین.

ئومێد دەکەین سەری ساڵی تازە و نەورۆزی جەژنی نەتەوەیى و خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و ئازادی، ببێتە مایەى یەکڕیزى نێوماڵى کورد و ئارامی و سەقامگیری زیاتر و پتەوکردنى پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن و خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بۆ هەموو لایەک.

بە پێویستی دەزاین لەم بۆنەیەدا داوا له‌ هاووڵاتییانى خۆشەویست بکەین له‌ كاتى چوونه‌ گه‌شت و سه‌یران و ناو سروشتى جوانى كوردستان، وەک بەرپرسیاریەتیەکى نیشتیمانى پابەندبن بە پاک ڕاگرتن و پاكوخاوێنى و پاراستنى ژینگه‌ى کوردستان.

جارێکی دیکە نەورۆز و سەرى ساڵى تازەتان پیرۆز، هیواخوازین لە سایەی ئەو ئاسایش و ئارامیەی لە هەرێمى کوردستان بەرقەرارە، له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان و ئازیزانتان جه‌ژنێكى خۆش به‌سه‌ر ببەن.

خودای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
29ی ڕەشەممەی 2722ی کوردی
20ى ئازارى 2023ی زایینی