زەوى بۆ (17) پڕۆژەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.3.28، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێری پایتەخت، بەئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان بهرێوهچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئامادەی بوون، دواى خستنەڕوو و پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژە پیشەسازییەکان و دابینکردنی هەلی کار لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرا.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی ئەو پڕۆژانەى کە داواى دابینکردنى زەویان کردبوو، زەوی بۆ دروستکرنی (17) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند بەڕووبەرى جیاجیا تەرخانکرا.
جیگەى باسە، لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێرى پایتەخت بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ چەندین کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان کردووە، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.