پارێزگاری هەولێر: " سنوورى قەزایى شەقڵاوە و پیرمام و کۆیە، گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لای ئێمە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.4.2، بە مەبەستى خزمەتکردنى زیاتر هاوڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و هەماهەنگى نێوان حزب و حکومەت، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقى24ى سەفینى پارتى دیموکراتى کوردستان و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگری پارێزگار و قائیمقامەکانى پیرمام و شەقڵاوە، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانى فەرمانگە کارگێڕی و ئیداریی و خزمەتگوزارییەکانى سنوورەکە و بەرپرسانی ناوچە و ئۆرگانەکانی سنووری لقی24ى سەفینى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی بەرپرس و ئەندام و کارگێرانى لقى24ى کرد کە لە ماوەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە، هەروەها تەئکیدی لە هەماهەنگی زیاتر كردەوە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و ڕایگەیاند: "دەمانەوێت ئەوپەڕی خزمەت پێشکەشی خەڵکی ئهو سنورە بکەین، هەروەها دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییانی دەڤەرەکە ئامانجی ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردن و گەیاندنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەکان و دەستی خزمەتگوزارییە بە سەرجەم قەزا و ناحییە و گوندەکان بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازى، بەتایبەتی بۆ ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەستی خزمەتکردنیان پێگەیشتووە".
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، باسى لە هەماهەنگی زیاتر کرد لە نێوان حزب و حکومەت بۆ خزمەتكردنی ناوەندى قەزایی شەقڵاوە و پیرمام و کۆیە، ئاماژەى بەوەشدا کە خەڵكی ئەم ناوچانە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزاریانن پێشکەش بکرێت، هەروەها تەئکیدی لەوەکردەوە کە خزمەتكردنی سنوورەکە لەسەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان لە ئەولەویەتی كارەكانماندایە و گوتیشی: " سنوورى قەزایى شەقڵاوە و پیرمام و کۆیە، گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لای ئێمە".