لەسەر قەڵای هەولێر.. ئاهەنگێک بۆ شاندی ناشفیل بەڕێوەچوو
لەسەر قەڵای هەولێر..
ئێوارە ئاهەنگێک بۆ شاندی ناشفیل بەڕێوەچوو
شەو یەکشەممە 2023.5.21، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و جێگری کونسڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتار و قائیمقامەکانی ناوەند و دەشتی هەولێر و خەبات و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگا و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرانی گشتیی و بەرپرسانی فەرمانگە و دام دەزگاکانی حکومەت و ژمارەیەکی بەرچاوو لە هونەرمەندان و میوانان، لە سەر قەڵاى هەولێر، کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی - ئەمریکی، ئێوارە ئاهەنگ و خوانێکی بۆ شاندی باڵای شاری ناشفیل و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە و بۆرد و سەرۆکی بۆردی دەستەخوشکی شاری ناشفیل لەگەڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان سازدا.
لە دەسپێکى ئاهەنگەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا وێڕاى بەخێرهێنانی شاندی میوان و ئامادەبووان، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سه‌ردانی شاندی شاری ناشفیل بۆ هەولێری پایتەخت و دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان سەبارەت بە نه‌خشه رێگه‌ی پرۆسه‌ی به ده‌سته خوشك ناساندنی لەگەڵ هەولێری پایتەخت.
هەروەها جەختى لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کارکردن بۆ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هەولێر و ناشفیل کردەوە و هیوای خواست شانده‌كه‌ی ناشفیل سوود له ئه‌جیندای سه‌ردانه‌كه‌یان وه‌ربگرن و چێژ له‌م شاره دێرینه وه‌ربگرن كه ته‌مه‌نی هه‌زاران ساڵه و خاوەنی دێرینترین شوێنه‌واره له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی جیهان.
لە کۆتایشدا، سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرد كه هۆكاربوونه له بیرۆكه‌ی ده‌سته خوشكی نێوان هه‌ولێر و ناشفیل و گەیشتنی بەو ئاسته‌ی ئێستای.